
زیاتر لە دە ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پرۆژەی دروستکردنی هۆڵێکی وەرزشیی ٦ هەزار کەسی لە گوندی ئۆڵەمپیکی کرماشان تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا ئەم پڕۆژەیە نێوەچڵ ماوەتەوە.
عەبدولڕەزا مێسری، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم لە کرماشان، ڕەخنەی لە پرۆسەی خاوی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە گرت و وتی: "ئەم پرۆژەیە ساڵانێکە لە بەڵێن و ناکارەمەیی بەڕێوەبەرانی حکوومەتدا ماوەتەوە و هێشتا تەواو نەبووە".
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە لە ئەستۆی وەزارەتی وەرزش و شیرکەتی گەشەپێدان و چاککردنەوەی شوێنە وەرزشییەکانە، زیادی کرد: " ناوەندی بڕیاردان لە تاران بووەتە هۆی دواکەوتنی جێبەجێکردن؛ ئەگەر دەسەڵاتەکان بە پارێزگاکان درابا، تا ئێستا پرۆژەکە تەواو دەبوو".
پڕۆژەی هۆڵی وەرزشیی ٦ هەزار کەسی لە ساڵی ١٣٩٠دا پەسەند کرا و دوای ١٣ ساڵ تەنیا ٧٠ی لەسەد پێشکەوتنی هەبووە و هەر چەند بەڵێنی بوودجەیەکی ٣٠٠ میلیارد تمەنیی دیکە بۆ تەواوکردنی دراوە، بەڵام خەڵکی کرماشان بە دووری دەزانن بەدی بهێنرێت.