
لەکاتێکدا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران چەندین جار بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینیان ڕەت کردووەتەوە، حەمید ڕەسایی نوێنەری تاران ئاشکرای کردووە کە بەپێی بڕیارنامە نوێیەکەی دەوڵەت، بە زیادکردنی تێچووی گواستنەوە و کرێی خاوەن بێنزینخانەکان، بەنزینی هەزار و پێنسەد تمەنی، بۆ پێنج هەزار و ٥٠٠ تمەن بەرز دەبێتەوە.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە کە سەرۆککۆمار لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا چەندین جار بەڵێنی داوە کە هیچ بەرنامەیەکی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی نییە.
بەرزبوونەوەی نرخی بێنزین، لە کاتێکدا کە میلیۆنان کەس لە ئێران لەژێر گوشاری ئابووری و هەژاریدا دەژین، جارێکی دیکە چییەتیی دژەگەلیبوونی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا دەکات.
ڕێژیم لەجیاتی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گەندەڵی و کەمکردنەوەی تێچووی دامەزراوە نیزامی و ئاینییەکان، ئاسانترین ڕێگای هەڵبژاردووە، ئەویش بەتاڵکردنەوەی گیرفانی خەڵکە.
وەبیرهێنانەوەی ڕووداوە خوێناوییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ نیشانی دەدات کە هەر بڕیارێکی لەناکاو لەمبارەوە دەتوانێت تووڕەیی گشتیی هەڵگیرسێنێت، بەڵام پێدەچێت ڕێژیم لە جیاتی ئەوەی گوێ لە خەڵک بگرێت، لە بڕیاردان کە تەنیا بێمتمانەیی و ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەردەوام بێت.