
بەپی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی فەرانسەویی فیگارۆ، گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ڕیژیم بەشێوەیەکی نهێنی خەریکی نۆژەنکردنەوەی بنەما نیزامی و تەشکیلاتییەکانیەتی.
ئەم ڕۆژنامە فەرانسەوییە نووسیویەتی، لەحاڵێکدا کە حیزبوڵڵا بە شێوەی فەرمی دانانی چەک لە باشووری ڕۆژاوای لوبنانی قەبووڵ کردووە بەڵام لە ناوچەکانی دیکە جبەخانەکانی چەکی خۆی پاراستووە و بە بوونی فەرماندەکانی هێزی قودسی سپای پاسداران خەریکی نۆژەنکردنەوەی پێکهاتە نیزامییەکانیەتی.
ئەم ڕاپۆرتە ئاشکرای دەکات کە دوای کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، هیزەکانی قودسی سپای پاسداران بە فەرماندەیی ئیسمائیل قائانی، تەنیا لە دە ڕۆژدا بنەما نیزامییەکانی حیزبوڵڵای نۆژەن کردووەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەکانی فیگارۆ، نزیکەی ١٢٠٠ کەس لە هێزەکانی ئەم گرووپە لە ڕەوتی دەرگیریەکاندا کوژراون و ئێستاش بەرەیەکی نوێ لە ئەندامانی لاو و نەناسراو لە جێگەیان داندراون.
عەلی فەیاز، نوێنەری پارلەمانی لوبنان لە وتووێژێکیدا وتوویەتی کە زنجیرەی فەرماندەیی حیزبوڵڵا کورتتر و نهێنیتر بووەتەوە و تەنانەت لەناو گروپەکەشدا کەس بە تەواوی نازانێت کە کێ بەرپرسە.
ئەم ڕەوتە لەحاڵێکدایە کە لوبنان هەروا لە قەیرانی ئابووری و سیاسیدایە و زۆرتر لە ١٥٠٠ حاڵەتی پێشێلکردنی ئاگربەست و سەدان کوژراو، ترسێکی زۆری لە باشووری ئەم وڵاتەدا بڵاو کردووەتەوە.
ئەم ڕۆژنامەیە بە ئاماژە بە لاوازبوونی حیزبوڵڵا لە بواری نیزامیدا نووسیویەتی کە ئەم گرووپە بە هەبوونی ٢٧ کورسی لە پارلەمان و پاراستنی لایەنگری لە نێوان شیعەکاندا، ئێستاش لە پێکهاتەی سیاسیی لوبناندا دەستڕۆیشتوویی هەیە.
لەحاڵێکدا کە بە وتەی دیپلۆماتێکی لوبنانی، حیزبوڵڵا چیدیکە ناتوانێت مەترسییەک بۆ سەر ئیسرائیل بێت، بەڵام نۆژەنکردنەوەی بە شێوەیەکی نهێنی لەلایەن ڕێژیمەوە نیشاندەری ئەوەیە کە ئێستاش بە جێگەی ئاشتی و ئارامی، پێداگری لەسەر بەردەوامیی سیاسەتی دەستێوەردان و هەڵگیرسانی گرژی لە ناوچەکەدا دەکات.