
ڕافائێل گرووسی، بەرێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وەزەی ناوکی، وتی نیگەرانییەکان لەسەر ئەگەری دەستپێڕاگەیشتنی تاران بە چەکوچۆڵی ناوکی بە شێوەی تەواو چارەسەر نەبووە.
گرووسی وتی، پشکێنەرانی ئاژانس هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر شاردنەوەی بەربڵاو لە کۆگاکانی ئۆرانیۆمی ئێران نییە، بەڵام دانی بەوەدا نا کە بەشێکی زۆری ئۆرانیۆمی پیتێنراو لە دامەزراوە ناسراوەکانی ئێسفەهان، فۆردۆ و نەتەنز پارێزراون و ڕەنگە بڕێکی کەم بۆ شوێنەکانی دیکە بگوازرێتەوە.
بە وتەی گرووسی، ئەم دامەزراوانە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا زیانیان بەر کەوتووە و پشکێنەرەکان تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانن سەردانیان بکەن کە ئێران بەرژەوەندییەکانی خۆی تێدا ببینێت.
ناوبراو هۆشداری دا ئەگەر ئەو ئۆرانیۆمەی ئێستا هەیە تا ئاستێکی بەرزتر پیتێنرابێت، ئەوە بۆ دروستکردنی چەند بۆمبی ئەتۆمی بەسە.
گرووسی بە ئاماژەدان بە ڕاگرتنی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و ئاژانس دوای شەڕ وتی: ڕێککەوتنی ئەم دواییە لە قاهیرەش بە هۆی گەڕانەوەی گەمارۆکانەوە بێ کاریگەری بووە. سەرەڕای ڕەتکردنەوەی تاران سەبارەت بە ئامانجی نیزامیی بەرنامە ناوکییەکەی، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی هێشتا نیگەرانە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەری دیپلۆماتیک کردەوە، زیادی کرد: دانانی هەموو لایەنەکان لەسەر یەک مێز، لە مەترسیی خولێکی نوێی بۆردومان و هێرشەکان بە دوورمان دەگرێت.
هەروەها ناوبراو لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترامپی سەبارەت بە ئەگەری چارەسەری دیپلۆماتیک بە دڵخۆشکەر وەسف کرد.