کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی حیزب لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان

11:53 - 28 رەزبەر 2725

دوابەدوای کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکرات و دامەزراندن و دەسبەکاربوونی ناوەندی تەشکیلاتی ئاشکرا، یەکەم ئەرکێک کە ئەم ناوەندە بڕیاری لەسەردا، دیدار و بەسەرکردنەوەی ئەندامانی حیزب بوو لە شار و  ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کە بریتی بوون لە کۆمیتەکانی: گیاڕەنگ، بێستوون، ئاگری، قەندیل، زاگرۆس، سۆران، کۆیە، قەڵادزێ، ڕانیە، کەمپی کاوە، سلێمانی و هەولێر.

پاش چەند ساڵ تێپەڕین بەسەر یەکگرتنەوەی حیزب و دۆخی داسەپاوی ئەمنیەتیی کە بۆ کار و تێکۆشانی حیزب هاتبۆ پێش، کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ ئەندامانی حیزب لە کۆمیتەکانی هەرێمی کوردستان دژوار ببوو و لەو بارەوە ناوەندی تەشکیلاتی ئاشکرا بە پێویستی زانی کە دیداری گشتیی لەگەڵ هەموو ئەندامانی حیزب لە کۆمیتە جۆراوجۆرەکان بە پێی ئیمکان پێک بێنێ.

لەم زنجیرە دیدارە مەیدانییەدا، ڕێژەی زۆری ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شار و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و دەربڕینی ڕاشکاوانە بۆچوون و چاوەڕوانییەکانیان، مایەی دڵخۆشی و دڵگەرمی بوو لە خەباتی حیزبی دێموکرات و، هاوکات هەڵگری ئەو پەیامە بوو کە ئەرکی حیزبی ئێمە گەلێک قورسە .

یەکەم کۆبونەوەی ئەم دیدارە چەند مانگەیە، ڕۆژی ٦ی جۆزەردان لە کۆمیتەی گیاڕەنگەوە دەستی پێکرد و پاش ١٢ کۆبونەوە، دوایین وێستگەی کۆبونەوەکان ٢٨ی خەرمانان لە هەولێر بەڕێوە چوو.

 لەو دیدارانەدا کە بەسەرپەرەستی بەڕێز کەریم پەرویزی بەرپرسی ناوەندی تەشکیلاتی ئاشکرا و پێشەوا عەلیپوور وەک جێگری ناوەند بەڕێوەچوون، کۆمەڵێک باس لەسەر دوایین کۆنگرەی حیزب (کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان) و ئاکامەکانی کۆنگرە و هەروەها دامەزراندنی ئۆرگانی تایبەت بە تەشکیلاتی ئاشکرا و ڕوانینی ڕێبەریی حیزب بۆ ڕێکخستنەوەی ئەندامان و ئەرکی نوێی تەشکیلاتی و مافی ئەندامان و گرنگیی پەروەردەی ئەندامان و تێڕوانینی حیزب بۆ کاری ڕێکخراوەیی باس کرا، ئەندامانی بەشداربووش لەهەرکام لەم کۆبونەوانەدا تێبنینی و ڕەخنە و وردبینییەکانی خۆیان سەبارەت بە ئەرک و تێکۆشانی قۆناغی نوێی خەبات باس کرد و ئامادەییان بۆ هەر ئەگەرێکی خوازراو و نەخوازراو دەربڕی.

شایانی باسە کۆبونەوەی کۆمیتەی کۆیە کە هاوکات بوو لەگەڵ ٢٢ی پووشپەڕ، بە باسێکی تایبەت لەسەر ڕۆلێ ڕێبەرایەتیی دوکتور قاسملووی نەمر لە شۆڕشی کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی ئەم نەتەوەیە دەستی پێکرد و ئاوڕێکی کورت لە خەباتی حیزب لە سەردەمی دوکتور قاسملوو درایەوە.

هەروەها کۆبونەوەی کۆمیتەی سلێمانی کە هاوکاتبوو لەگەڵ مانگی لەدایکبونی حیزبی دێموکرات و دەسپێکی قۆناغی نوێی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵات، بە باسێکی تایبەت بە خەباتی حیزب لە قۆناغە جۆراوجۆرەکان دەستی پێکرد و گرنگی دەروەستیی ئەندامان بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی دوایین کۆنگرەی حیزبی دێموکرات، بۆ سەرخستنی خەبات هاتە بەرباس و ئەندامانیش بەوپەڕی گڕ و تینەوە ئامادەیی خۆیان بۆ قۆناغی نوێی تێکؤشان دەربڕی و هەروەها ڕاشکاوانە بیر و ڕای خۆیان هێنایە گۆڕێ..

دوایین وێستگەی کۆبونەوە تەشکیلاتییەکان لەگەڵ هاوڕێیانی حیزبی لە کۆمیتەی هەولێر ڕۆژی ٢٨ی خەرمانان بەبەشداری بەڕیز خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکرات بەڕێوەچوو. لە بڕگەی یەکەمی ئەم کۆبونەوەیەدا هاوڕێ کەریم پەرویزی باسێکی لە سەر ئەرکی ئەندامی حیزبی و تێڕوانینی حیزبی دێموکرات بۆ کاری ڕێکخراوەیی و جەوهەری حیزبایەتی  پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە کاری ڕێکخراوەیی لە سەر بناغەی ئەندامەتیی کەسانی دەروەست و خاوەن بڕوای ئازادیخوازانە دامەزراوە، ناوبراو وێڕای هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوچەیی و خستنەرووی هەندێ لە پارامێترە کاریگەرەکانی سەر ڕەوتی ڕووداوەکان و داهاتووی ئێڕان و کوردستان، باسی لە بڕیارەکانی ڕێبەری دوای کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و بەرنامەکانی داهاتوو بۆ کاری تەشکیلاتی ئاشکرا پێشکەش کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا کاک خالید عەزیزی باسێکی چڕی لەسەر سیاسەتەکانی حیزب لە دۆخێ ئێستا و چۆنیەتیی مامەڵە لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی سیاسی و هەروەها چۆنیەتیی دەربڕینی ئەندامانی حیزب بەتایبەت لە سۆشیالمیدیا دا کرد.

دواتر ئەندامانی حیزب ڕا و سرنج و رەخنە و پێشنیارەکانی خۆیان خستەبەرباس و وەڵامی پێویستیان پێدرا.

جێگای ئاماژەیە کە ئۆرگانی تەشکیلات لە پێش کۆنگرەی ١٧یەمی حیزب، بۆ ڕێزگرتن لەو ئەندامانەی کە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە لە ڕیزی حیزبدان، لەوحی ڕێزلێنانی ئامادە کردبوو و بە هەندێ هۆکار بەخشینی ئەو لەوحانە وەدواکەوتبوو کە لەم دیدارە تەشکیلاتییانەدا، ناوەندی تەشکیلاتی ئاشکرا ئەو لەوحانەی لە سەرجەم کۆمیتە تەشکیلاتیەکان لە کۆبوونەوەی گشتیدا پێشکەشی ئەندامانی حیزب کرد و ڕێز لە خەبات و بەردەوامییان لە ڕیزەکانی تێکۆشانی حیزبیدا گیرا.