
لە درێژەی ڕەوتی دەرکردنی سزای یاسایی دژی چالاکان و هاونیشتمانیانی کورد لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، شەش هاونیشتمانیی خەڵکی ناوچەی "ئاڵەشینـ"ـی بۆکان کە پێشتر بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرابوون، لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە بە گشتی بە ١٨ مانگ و ٦ ڕۆژ بەندکران، سزا دراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کوردپا"، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەزبەر، شەش هاونیشتمانیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی "بێهزاد بەرجەستە، کەیوان بەرجەستە و نیما قوربانیزادە" هەر سێیان خەڵکی ئاوایی "برایم ئاباد"، "سدێق خالیقی ڕەحیمی" خەڵکی ئاوایی "گامێش گولی" و "سدێق عەباسنژاد" و "موبین مەجیدزادە" خەڵکی ئاوایی "قەڵای هۆلاکۆخان" سەر بەر ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان هەر کام بە ٣ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو سزا دراون.
ئەو سزایە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی ڕێژیمەوە لە میاندواو بە تۆمەمتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" لەڕێگەی بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دایکی چەند شەهید و وتووێژ لەگەڵ چالاکێکی سیاسیی دەرەوەی وڵات دەر کراوە.
ئەو شەش هاونیشتمانییە کوردە پێشتر لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ لەلایەن هێزە بەناو ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی و هەڵکوتانەسەر ماڵیان، دەسبەسەر کراون و دوای تێپەڕبوونی مانگێک لە دەسبەسەرکرانیان، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.