
لەکاتێکدا کە سێ ساڵ بەسەر بزووتنەوەی ژینا و کوشتنی سەدان خۆپێشاندەر لە شەقامەکانی ئێراندا تێدەپەڕێت، ڕێژیمی ئێران جارێکی تر پرۆژەی سەرکوتی ژنانی لەژێر ناوی "ژووری دۆخی عیفاف و حیجاب" دەست پێ کردووەتەوە.
ڕوحوڵڵا مۆئمێن نەسەب، بەرپرسی ستادی ئەمری بە مەعرووفی پارێزگای تاران باسی لە دەسبەکاربوونی ٨٠ هەزار کەس لەژێر ناوی "ئامری بە مەعرووف" کرد و ڕایگەیاند کە ئەو هەوڵە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ "سێکۆلاریزم"ە.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە بەڕێوەبردنی ٣١٦ هەزار و ٨٠٠ کەس ـ کاتژمێر "وانەکانی ژیانی داوێن پاکانە" بە بوودجەی ٢٤٢ میلیارد تمەنیی ستادی ئەمری بە مەعرووف لەمساڵدا کرد.
موحسێن غەرویان، ئاخوندی حەوزەی علمییەی قوم ڕایگەیاندووە: کە پرسی یەکەمی ئێران حیجاب نییە. ئاسوودەیی و بژێوی ژیانی خەڵک گرینگترە و هۆشداریشی دا کە ئەو کردەوانە دەتوانێ کۆمەڵگە تووشی تێکهەڵچوون بکات.
غوڵامحوسێن کەرباسچی، ئەندامی حیزبی جێبەجێکار هەروەها وتوویەتی کە ئامانج لەو پرۆژانە کەڵکەڵەی کلتووری نییە، بەڵکوو بەکارهێنانی بوودجەی گەورەیە.
لە بەرامبەردا، چالاکانی مەدەنی وەکوو مەهدیە گۆڵروو و سدیقە وەسمەقی، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ژنان لە سەرتاسەری ئێراندا لە مافی خۆیان پاشەکشە ناکەن.
وەسمقەمی لە یادداشتێکدا ئەم بڕیارەی بە مێکانیزمی ماشەی نێوخۆیی دژی کۆماری ئیسلامی ناو برد و هۆشداریی داوە کە سیخوڕی لەنێو ژنان نییە، بەڵکوو لەنێو بەرپرسان و داڕێژەرانی گەشتی ئێرشادە.
سێ ساڵ دوای کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، ڕێژیم جارێکی تر دەیهەوێ بە دروشمی ئەمری بە مەعرووف، سێبەری ترس بگەڕێنێتەوە ناو شەقامەکان، بەڵام کۆمەڵگەیەک کە نرخی ئازادییان بە خوێنی ڕوڵەکانیان داوە، ئیتر ناگەڕێتەوە پێش سەردەمی" ژن، ژیان، ئازادی".