کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێناتۆرەکانی ئەمریکا: پێشڕەویی حیزبوڵڵا لە ئەمریکای لاتین پەرەی گرتووە

11:20 - 30 رەزبەر 2725

لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی سێنای ئەمریکادا، سێناتۆرەکانی کۆماریخواز و دێموکرات سەبارەت بە پەرەگرتنی کاریگەریی حیزبوڵڵای لوبنان لە ئەمریکای لاتین لەبابەت قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان و سپیکردنەوەی پارە، هۆشدارییان دا.

ئەو سێناتۆرانە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو گرووپە بە پاڵپشتیی حکوومەتی نیکۆلاس مادۆرۆ لە ڤێنزوئێلا، بووەتە تۆڕێکی چالاک لە قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان و سپیکردنەوەی پارە و چالاکییە تێرۆریستییەکان.

مارشال بیلینگزلی، بەرپرسی پێشووی وەزارەتی خەزینەداریی ئەمریکا، ڤێنزوئێلای بە "پەناگەیەکی ئەمنی خۆبەخشانە" بۆ حیزبوڵڵا ناو برد و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕۆڵێکی گرینگ لە ئاسانکاریکردنی چالاکییەکانی ئەو گرووپە لە ناوچەکەدا دەگێڕێت.

ناتان سێیڵز، ڕێکخەری پێشووی بەرنگاربوونەوەی تێرۆر، هەروەها ڕایگەیاند کە حیزبوڵڵا بە هاوکاریی کارتێلەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە قاچاخکردنی "کۆکاینی ڕەش"دا بەشدارە و قازانجەکەی بۆ قەرەبووکردنەوەی سزاکان بەکار دەهێنێت.

هێندێک لە سێناتۆرەکان لەوانە بێرنی مۆرنۆ پێشبینیان کرد کە دۆناڵد ترامپ لە داهاتوودا بۆ ڕووخاندنی مادۆرۆ هەنگاو دەنێت و ڤێنزوئێلا ئازاد دەبێت. هەروەها ئاشکرا بووە کە دەسەڵاتدارانی ڤێنزوئێلا زیاتر لە دە هەزار پاسپۆرتیان بۆ خەڵکی سووریە، لوبنان و ئێران دەر کردووە، ئەمەش ڕێگەی بە هاتوچۆی ئازاد بۆ ئەندامانی حیزبوڵڵا و حەماس داوە.

بە وتەی کارناسانی وەک مەتیۆ لویت لە ئەنستیتۆی واشنگتۆن، ڤێنزوێلا بووەتە بەشێک لە میحوەری دەورلێدانەوەی گەمارۆکان کە ئێران، ڕووسیە، چین و کۆرەی باکوور لەخۆ دەگرێت.

 لەو کۆبوونەوەدا دەرکەوت کە واشنگتۆن چیتر حیزبوڵڵای لوبنان تەنیا وەک هەڕەشەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابینێت، بەڵکوو وەک فاکتەرێکی مەترسیدار بۆ ئەمنییەتی رۆژاوا دەیبینێت.