
وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی کاراکردنی مێکانیزمی ماشە و گەڕانەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، ١٢١ کەس و لایەنی پێوەندیدار بە بەرنامە ناوکی و مووشەکییەکانی ڕیژیمی ئێرانی خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا، کە ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەر بڵاو کرایەوە، ئەم گەمارۆیانە بریتین لە گەمارۆی چەکوچۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گواستنەوەی چەکی ئاسایی بۆ ئێران و لە ئێرانەوە، قەدەغەکردنی دابینکردن یان گواستنەوەی کەلوپەل، کەرەستە، کاڵا و تێکنۆلۆژی پەیوەندیدار بە پیتاندن و هەروەها پەرەپێدانی سیستمی گەیاندنی چەکی ناوکی.
جگە لەوەش سنووردارکردنی دارایی و بازرگانیی پێوەندیدار بە بەرنامە ناوکی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامیش دووبارە دەخرێنەوە بواری جێبەجیکردنەوە.
لەنێو ئەو کەسانەی کە گەمارۆیان خراوەتە سەر، ناوی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی و لە نێویاندا عەلیئەکبەر ئەحمەدیان، ئەحمەد وەحیدی، محەممەد حیجازی، محەممەدڕەزا نەقدی، محەممەد ئیسلامی، یەحیا ڕەحیم سەفەوی و مورتەزا سەفاری هەیە.
هەروەها چەندین دامەزراوەی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی کە جارێکی دیکە کراونەتە ئامانجی گەمارۆکان، لەوانە ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران، وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکان، بانکی سێپەهـ، ناوەندی لێکۆڵینەوەی زانست و تیکنۆلۆژیی بەرگری، شیرکەتی پیشەسازیی ئێلکترۆسەنعەت سەنام، ناوەندی لێکۆڵینەوە و بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی ناوکیی ئێسفەهان و ناوەندی تێکنۆلۆژیی ناوکیی ئێسفەهان، قەرارگای قائم، ناوەندی توێژینەوەی ناوکیی کەرەج، قەرارگای خاتەمولئەنبیا، پیشەسازیی کیمیایی پارچین، و شیرکەتی فڕۆکەوانیی یاس ئەیر.
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا، ئەم ڕێوشوێنانە بەشێکن لە پرۆسەیەکی نێودەوڵەتی بۆ سەپاندنی گەمارۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر کۆماری ئیسلامیدا بەهۆی پێبەندنەبوونی جیددیی تاران بە بەڵێنە ناوکییەکانەوە.