
وتەبێژی دەوڵەتی پزشکییان ڕایگەیاند کە هێڵی هەژاریی مانگانە بۆ هەر کەسێک لە ساڵی ١٤٠٣ زیاتر لە شەش میلیۆن تمەن ڕاگەیەندراوە کە بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو نزیک بە دوو میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ڕەزبەر فاتمە موهاجرانی، وتەبێژی دەوڵەتی پزشکییان وتی: "هێڵی هەژاری بەپێی پێوەرە ئابووری و ناوچەکییەکان، بۆ هەر کەسێک ٦ میلیۆن و ٧٣٩ هەزار تمەن مەزەندە کراوە".
مەزەندەکردنی پێوەری هێڵی هەژاری لەلایەن وتەبێژی دەوڵەتی چواردەیەمی ڕێژیمەوە لەکاتێکدایە کە لە ساڵی ١٤٠٢دا ئەو ڕێژەیە بۆ هەر کەسێک ٣ میلیۆن و ٧٩٨ هەزار تمەن لە مانگدا ڕاگەیەندرابوو کە ئەوەش بە واتای چوونەسەرەوەی ٣٠ لەسەدیی نرخی هێڵی هەژاری لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە.
ڕۆژنامەی "دونیای ئێقتساد"ی ڕێژیم بەنیسبەت ئاماری نوێی مەزەندەکراوی نرخی هێڵی هەژاریی دەوڵەتی پزشکییان نووسیویەتی: "لە ساڵی ١٤٠٣ نرخی هێڵی هەژاری گەیشتووەتە نزیک بە ٣٦ لەسەد، کە بەرزترین ئاستی نرخی هەژاری لانیکەم لە سەرەتای دەیەی ٩٠ی هەتاوییەوەیە".
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی "دونیای ئێقتساد" ئەو ئامارە دەرخەری ئەوەیە کە هەتا ئێستا زیاتر لە یەک لەسەر سێی خەڵکی ئێران توانایی دابینکردنی لانیکەمی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان نییە.
ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، نرخی گەشەکردنی ئابووری لە ساڵی ڕابردووی بە نێونجی ٣.١ لەسەد و هەڵاوسانی خاڵبەخاڵی ٣٧.١ لەسەد خەمڵاندووە.
بە وتەی کارناسانی ئابووری، هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو بەتایبەت بۆ بەشە خۆراک و خانوو و هەروەها گەشەنەکردنی ئابووریی سەقامگیر یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەرەسەندنی هەژاری لەم ساڵانەی دواییدایە.