
خوێندکارانی زانکۆی خاجە نەسیرەدینی تووسی لە تاران، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ڕەزبەر، بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر گرینگیپێنەدان و کەمترخەمیی بەرپرسانی ئەو زانکۆیە بەرامبەر بە داخوازییەکانیان، جارێکی دیکە کۆ بوونەوە.
ئەو کۆبوونەوەیە لە پەردیسی ڕەزایی نژاد لە زانستگەی بیرکاری دەستی پێ کرد و پاشان بۆ فەزای کراوەی زانکۆ تەشەنەی کرد. خوێندکاران بە دروشمی "نە پادگان، نە بنکە، سڵاو لە زانکۆ" و "خوێندکار دەمرێت، ستەم قەبوول ناکات'' جەختیان لە بەدواداچوونی داواکارییەکانیان کردەوە.
داواکاریە سەرەکییەکانیان بریتین لە گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاری گواستنەوە بەتایبەتی بۆ خوێندکارانی کچ، دڵنیابوون لە ئەمنییەتی بەشە نێوخۆییەکان، باشترکردنی کوالێتی و کەمکردنەوەی نرخی خواردن، چارەسەرکردنی بارودۆخی بەشە نێوخۆییەکان و کێشە پەروەردەییەکان و کۆتاییهێنان بە هەڵسوکەوتی ئەمنییەتی.
ناڕەزایەتیی خوێندکاران لە سەرەتای مانگی ڕەزبەرەوە دەستی پێ کرد و دوای ئەوەی بەرپرسان نەیانتوانی هیچ بەڵێنێک بدەن، دیسان دەستی پێ کردەوە. هاوکات هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان و مەئموورانی جلوبەرگ شەخسی لە شوێنی گردبوونەوەکەدا، هەوڵی ناسینەوەی خۆپیشاندەرانیان داوە.
لە کۆتاییدا خوێندکاران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بەرامبەر بە سیاسەتەکانی ''بە پووڵی کردن'' و خراپیی دۆخی خۆشگوزەرانی زانکۆکە ناڕەزایەتییان دەربڕی و ڕایانگەیاند کە لە ناڕەزایەتییەکانیان تا کاتی وەدیهاتنی دادپەروەری و ڕاگرتنی سەرکوت بەردەوام دەبن.