کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەقی وتەکانی د. ئاسۆ حەسەن‌زادە، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی ئێران، ئۆسلۆ، ١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥

09:38 - 1 خەزەڵوەر 2725

د. ئاسۆ حەسەن‌زادە:

هۆکاری سەرەکیی نەبوونی یەکێتییەکی گشتگیر لە نێو ئۆپۆزیسیۆن، نەبوونی تێگەیشتنێکی هاوبەش لە مافەکانی مرۆڤە

(دەقی وتەکانی د. ئاسۆ حەسەن‌زادە، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی ئێران، ئۆسلۆ، ١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥)

 

سڵاو و سپاس بۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ئێران کە کۆبوونەوەی ئەمساڵی تەرخان کردوە بۆ بەرچاوترین فاکتەری پرۆسەی گواستنەوە، واتە ڕوانگەی لایەنە سیاسییەکان. من لێرە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەم.

هەشتا ساڵ دوای دەستپێکردنی خەباتی پیشکەوتنخوازی کورد لە ئێران و سێ ساڵ دوای بزووتنەوەی ئاوارتەی ژینا کە لە کوردستان بە درووشمی کوردی دەستی پێ کرد؛ بووە هۆی شانازیی ئێرانییەکان لە سەرتاسەری جیهان. ئێمە وەک کورد هێشتا سەرقاڵی ڕوونکردنەوەی ئەو ڕاستییەین کە داواکارییە سیاسییەکانی نەتەوەکەمان بەپێی پێوەرەکانی مافی مرۆڤیش شیاوی سەرنجن. هەروەک پێشتر دەگەڵ بەڕێز ئەمیری موقەدەم سەبارەت بە دەرەنجامی کۆنفرانسەکە باسم کرد، بە پێچەوانەی بابەت‌گەلی وەک سزای لەسێدارەدان، زۆربەی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ تەنیا لە حاڵەتێکدا کۆدەنگیی هەموولایەکمان مسۆگەر دەکات کە بە شێوەیەکی گشتی دەرببڕدرێن. بەڵام ئەزموون نیشانی داوە گشتگیری ئێمە ناگەیەنێتە هیچ شوێنێک. بە بڕوای من، هۆکاری سەرەکیی نەبوونی یەکێتییەکی گشتگیر لە نێو ئۆپۆزیسیۆن، نەبوونی تێگەیشتنێکی هاوبەش لە مافەکانی مرۆڤە. هەروەک ئاگادارن، بە درێژایی سەدەی بیستەم و هەتا ئەمڕۆش، ڕوانگەی جۆراوجۆر بۆ چەمکەکانی مافی مرۆڤ بووەنەتە هۆی سەرهەڵدانی سیستەمی سیاسیی جۆربەجۆر. بۆ ئێمە، هیچکام لە ڕوانگەگانی لیبراڵی، سۆسیالیستییەکان یان فەرهەنگییەکان بۆ مافەکانیی مرۆڤ، دەگەڵ ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی گونجاو نین. داهاتوویەکی هاوبەش لە گرەوی ڕوانگەیەکی فرەچەشن بۆ مافی مرۆڤە کە یەکسانی دابین بکات و لە هەمان کاتدا ڕێز لە فرەیی بگرێت. بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ناونیشانی پەنەلەکەدا بدوێم، لە ڕوانگەی ئێمەوە، گرنگترین فاکتەر بۆ دامەزراندنی دیموکراسی و ڕێگرتن لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دیکتاتۆری، دادپەروەریی سیاسی و قبوڵکردنی فرەییە. بۆیە لێرەدا قسەکانم لەسەر پەیوەندی نێوان داواکارییە بەکۆمەڵ و سیاسییەکانی نەتەوەکان لە ئێران و مافەکانی مرۆڤ دەخەمە ڕوو.

بە پێچەوانەی ئەو بانگەشەیەی کە گوایە ئەم داواکارییانە لە دژایەتیی مافی مرۆڤ و یەکسانیی شارۆمەندیدان یان هەر پێویست ناکات باس بکرێن و لە ڕێگەی مافە تاکەکەسییەکانی مرۆڤ و مافەکانی شارۆمەندییەوە دابین دەکرێن، دەبێت بگوترێ کە یەکسانیی شارۆمەندی داواکارییە ڕەواکانی نەتەوە بندەستەکان دابین ناکات، بەڵکوو دەبێت شوناسی بەکۆمەڵی ئەوان بۆ دابەشکردنی دەستەڵات لە گۆڕەپانی گشتیدا بە فەرمی بناسرێت، ئەو شوناسەی کە سامناکترین جۆری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، واتە ژینۆساید بەهۆی نکۆڵیکردنەوە ڕوو دەدات. لە هەمان کاتدا، ئەوەی ئێمە داوای دەکەین، لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤیشدا شیاوی پاساوهێنانەوەیە. لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەم؛ گەورەترین کێشەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی واتە قبوڵنەکردنی ئەوی‌تر، زیاتر لە هەر بوارێکی دیکە سەبارەت بە نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران دەردەکەوێت. بۆ نموونە، لە جیاتی ئێمە، ئێمە پێناسە دەکەن، ناومان ناهێنن و ئەگە ناویشمان بنێن بە هۆز و قەبیلەمان پێناسە دەکەن و زۆربەی کات لە کۆتایی لیستەکە و دوای چینە کۆمەڵایەتییە زۆر بچووکترەکان یان بزووتنەوە پەراوێزخراوەکان کە لە ساڵانی دواییدا پێک‌هاتوون، باسیان دەکەن. ئایا ئەوان دەزانن کە نەتەوەکان گرنگترین هێزی پێکهێنەر لە مێژوو و کۆمەڵگەی ئێران‌دان؟ ئایا دەزانن سەرجەم ڕێککەوتننامەکانی مافی مرۆڤ پەیوەندیی نەتەوەیی لە سەرەوەی هۆکارەکانی جیاکاریی قەدەغەکراو باس دەکەن؟ ئایا دەزانن لیژنەی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندوە کە بوونی گەلانی خاوەن شوناسی جیاواز، ڕاستییەکی بابەتییە کە نەک لەسەر بنەمای بڕیاری حکومەت، بەڵکوو لەسەر بنەمای خۆپێناسەکردنی ئەندامانی ئەو گرووپە دیاری دەکرێت؟

ئەوانەی نکۆڵی و حاشا لە شوناسی نەتەوەکان لە ئێراندا دەکەن، ئایا ئاگادارن باس لە گەلانێک دەکرێت کە لەسەر بنەمای هەمان مافی خۆپێناسەکردن و پێوەرە بابەتییەکان، خۆیان وەک نەتەوە و خاوەن مافی دیاریکردنی چارەنووسی دەزانن کە لە یەکەم ماددەی هاوبەشی پەیمانی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤدا هاتوە؟ بە بڕوای لیژنەی مافەکانی مرۆڤ، مافی دیاریکردنی چارەنووس لانیکەم بە لایەنی نێوخۆییدا ئەو نەتەوانەش دەگرێتەوە کە لە چوارچێوەی دەوڵەتە ئاراییەکاندا دەژین. ئەوانەی بە بیانووی پاراستنی یەکپارچەیی وڵات دژایەتیی هەر جۆرە لامەرکەزییەتێک دەکەن، بەتایبەتی گونجاوترینیان کە فیدراڵیزم لەسەر بنەمای شوناسە، بەردەوام شمشێری دامۆکلێس لەژێر ناوی سەروەریی خاکەوە بەسەر سەرمانەوە ڕادەگرن؛ ئایا دەزانن بڕیارنامەی ٢٦٢٥ی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پاراستنی سەروەریی خاک تەنیا بۆ ئەو دەوڵەتانە بە ڕەوا دەزانێت کە دەسەڵاتێکی هەڵقووڵاوی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەیان هەبێت؟ ئایا دەزانن نزیکەی سەدەیەک لەمەوبەر دادگای هەمیشەیی دادی نێودەوڵەتی لە دۆسیەیەکی پەیوەندیدار بە قوتابخانەکانی کەمینەکان لە ئەلبانیا ڕوونی کردەوە، تەنانەت مافە کولتوورییەکانی کەمینەکانیش تەنیا لە ڕێگەی دامەزراوە خۆسەرەکانیانەوە بەدی دێن؟ ئایا ئاگاداری نێوەڕۆکی ڕێککەوتننامەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی کەمینە نەتەوەییەکان و گەلانی ڕەسەن، ڕای سەرۆکی دادگای بەرزی کەنەدا سەبارەت بە جیابوونەوەی کەبێک و ڕای دادگای لاهە سەبارەت بە کۆسۆڤۆ و ئەتڵەسە بەرفراوانەکەی سیستەمە فرەنەتەوەییەکانی جیهانن؟ ئەوان بە بیانووی خۆدزینەوە لە ڕاکێشانی دیواری ئەتنیکی، تەنانەت ئازادیی ڕادەربڕین و چالاکیی حیزبەکانمان لێ یاساغ دەکەن. ئایا دەزانن دادگای مافەکانی مرۆڤی ئورووپا و لیژنەی مافی مرۆڤ لە دۆسیەکانی پەیوەندیدار بە لەهێستان، بۆسنی‌وهەرزەگوێن، تورکیە و ئیسپانیا ڕایانگەیاندوە کە بە مەرجی دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی و پڕوپاگەندەی ڕق و کینە، بوونی پارتە نەتەوەییەکان یان وەک ئەوان دەڵێن ئەتنیکی، پێویستییەکی دێموکراتیکە بۆ بەشداریی سیاسی و ئەم حیزبانە دەتوانن نەک تەنیا پێکهاتەی سیستەمەکە لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی خۆبەڕێوەبەری و فیدراڵیزم بخەنە ژێر پرسیارەوە، بەڵکوو دەشتوانن داوای سەربەخۆیی بکەن؟ دەستەواژەی "تەجزیەتەلەبی" داهێنانی ئێرانییەکانە کە هاوتاکەی لە هیچ زمانێکی تردا نادۆزرێتەوە ئەگە مەبەست سەربەخۆییخوازی بێت، لە وڵاتانی دێموکراتیکدا لە هەمان کاتدا دەکرێت هەم سەربەخۆییخواز بێت و لە پرۆسە سیاسی و یاساییەکانی دەوڵەتی ئاراییشدا بەشدار بێت. خاڵێکی دیکە ئەوەیەکە بڕیاردان لەسەر پێگەی یاسایی نەتەوەکان لە داهاتووی ئێران بۆ ئەنجوومەنی دامەزرێنەرێک دەسپێرن کە دیار نیە چ پێکهاتەیەکی دەبێت، یان بانگەشەی ئەوە دەکەن دانیشتووانی هەموو وڵاتەکە دەبێت دەنگ لەسەر ئەم پێگەیە بدەن. ئەمە لە کاتێک‌دایە کە ڕێککەوتننامەکانی پەیوەندیدار بە کۆمەڵگە خاوەن شوناسەکان باس لە مافی بەشداری و ڕاوێژی تایبەتیی ئەوان دەکەن و لە گشت‌پرسییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێفراندۆمەکانی سەربەخۆیی لە چوارچێوەی دەوڵەتەیلی وەک کەنەدا و ئینگلیس، بە بێ هیچ جیاکارییەک، بنەمای دەنگدان ناوچە یان نەتەوەی داوای پێگەی جیاواز یان سەربەخۆیی بووە نەک سەرجەم وڵات. تەنانەت بە گومان و دڵەڕاوکێشەوە سەیری پەیوەندی و یەکگرتوویی نێوان بەشە جیاوازەکانی نەتەوەیەک، وەک نەتەوەی کورد لە دەرەوەی سنوورەکان، دەکەن. ئایا دەزانن کە ئەمەش لەلایەن دامەزراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە ئورووپییەکانەوە سەبارەت بە ماددەی ٢٧ی پەیمانی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و جاڕنامەی مافی کەمینەکان و سەرچاوە یاساییە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکانی دیکە، وەک مافێکیی مرۆڤ بە فەرمی ناسێنراوە؟

لە کۆتاییدا، دەمهەوێت قسەکانم بە وتەیەکی یاساناسی مرۆڤدۆستی فەرەنسی و باوکی یاسای شارستانیی فەرەنسا، "پۆرتالیس"، کۆتایی پێ بهێنم. پۆرتالیس دەیگوت: "هەر جۆرە سادەکردنەوەیەک، سەرچاوەی نادادپەروەرییە." ئەگە لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا ئەم هەموو نادادپەروەرییەمان بینیوە، لەبەر ئەوەیە کە ویستوویانە لە بواری سیاسی و حکومڕانیدا ڕاستییە مێژووییەکان و پێکهاتەی کولتووری لەو جوگرافیایەی کە ئەمڕۆ بە ئێران ناسراوە، لەژێر ناوی یەکیەتیی، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ چڕکردنەوەی دەستەڵات و هەڵاتن لە دیموکراسی، بشارنەوە. ئەگەر نکۆڵی کردن لە فرەیی هەمیشە بووەتە هۆی دیکتاتۆرییەت، با بۆ یەکجاریش بێت ڕێزگرتن لە فرەیی تاقی بکەینەوە، کە بێگومان دەبێتە هۆی دێموکراسی.

زۆر سپاس