کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی مانگرتنی حەفتانەی ئەندامانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان

11:23 - 9 رەزبەر 2725

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان هاوکات لەگەڵ  لە هەشتاوهەشتەمین حەفتەی مانگرتن لە خواردن و ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان لە ٥٢ بەندیخانە لە سەرانسەری ئێراندا، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

لە بەیاننامەی ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەزبەری کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەداندا ئاماژە بەوە دراوە کە تەنیا لە شەش مانگدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ٨٧١ بەندکراوی لە سێدارە داوە.

لەو بەیاننامەدا هاتووە کە ئامار و زانیارییەکان دەرخەری ئەوەن تەنیا لە مانگی خەرمانانی ١٤٠٤دا، ١٩٠ حاڵەت و لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا ٤٦ حاڵەتی لەسێدارەدان تۆمار کراوە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەدا نووسەرانی ئەو بەیاننامەیە باسیان لەوە کردووە کە "بە یەکگرتوویی و هاوپێوەندی دەتواندرێت پێش بە ماشینی لەسێدارەدانی ڕێژیم بگیردرێت".

لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەدا نووسراوە کە لەسێدارەدانی ١٩٠ کەس تەنیا لە مانگدا، زۆرترین ڕێژەی تۆمارکراوی حاڵەتی لەسێدارەدانەکان لە ٣٥ ساڵی ڕابردوویە.

هەر لەو پێوەندییەدا کارناسانی مافی مرۆڤ لەوانەش مای ساتۆ، ڕێپۆرتێری تایبەتیی ماف مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕێکەوتی ٢٩ی سێپتامبری ئەمساڵ ڕایگەیاند: "کەمتر لە ٩ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا زیاتر لە هەزار کەس لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە دراون".

لە بەشی کۆتایی بەیاننامەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان هاتووە کە هەر بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی لە بەرانبەر سزای لەسێدارەدان، هەنگاوێک بۆ ڕاگرتنی ئەو ڕەوتە زاڵمانەیە و داوا لە دژبەرانی ئەو سزایە دەکەین کە هاواری ناڕەزایەتیی خۆیان لە بەرانبەر ئەو سزا دژەمرۆییانەیە بەرز بکەنەوە".