
گۆلی ورمێ ساڵانێکە بە هۆی خراپ بەڕێوەبردن و سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیمەوە لە لێواری لەناوچووندایە و چووەتە قۆناغێکی نوێی قەیرانەکەوە، زریانی خوێ دەستی پێ کردووە و کارناسان سەبارەت بە لێکەوتە کۆمەلایەتیی، تەندروستی و هەرێمییەکان هۆشدارییان داوە.
ڕەزا حاجی کەریم، بەرپرسی لێژنەی بەڕێوەبەریی فیدراسیۆنی پیشەسازیی ئاو، دۆخی ئەم ئاوەی بە "ناڕوون وەسف کرد" و باسی لە دەسپێکردنی زریانی خوێ و کاریگەرییە بەردەوامەکانی لەسەر ژینگەی ناوچەکە کرد.
ناوبراو باسی لەوە کردووە کە هەموو چارەسەرە زانستییەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی گۆلی ورمێ چەند ساڵێک لەمەوبەر دارێژراون، بەڵام هیچیان جێبەجێ نەکراون و گۆڕین و شێوازی کۆنترۆڵکردنی بیرە بێ مۆڵەتەکان و ئازادکردنی نۆرەی ئاو لەسەر کاغەز ماونەتەوە.
عیسا بوزوورگزادە، وتەبێژی پیشەسازیی ئاوی ڕێژیم، ئەم گۆلەی بە نموونەی خراپ بەڕێوەبردنی ئاو و کشتوکاڵ زانی و ڕایگەیاند کە، "لە کاتێکدا بڕیار بوو بەکارهێنانی ئاو لە کشتوکاڵدا کەم بکرێتەوە، بەڵام ڕووبەری زەوییە کشتوکاڵەکان و باخە سێوەکان زیادی کردووە.
دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو قەیرانە لە شێوەی کۆچی وردەوردەی گوندنشینانی دەوروبەریشدا دەرکەوتووە و حەکیم مەمکان، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم لە ورمێ، دانی بەوەدا ناوە کە لەسەدا ٩٠ بۆ ٩٦ی ڕووبەر و قەبارەی دەریاچەکە لەدەست چووە و گوندەکانی دەوروبەریش بە هۆی ژێرئاوکەوتنی زەوی و تۆزی خوێ، مەترسیی چۆڵکردنیان لەسەرە.
فەریبورز ناتقی ئیلاهی، ئەندامی لێژنەی زانستیی توێژینەوەی بوومەلەرزەناسی، وشکبوونی گۆلی ورمێی بۆ لاوازیی بەڕێوبەریی درێژخایەن گەڕاندەوە و هۆشداری دا کە زریانی خوێ دەتوانێت ببێتە هۆی نەخۆشییەکانی هەناسەدان و تەنانەت شێرپەنجەی نائاسایی.
چارەنووسی گۆلی ورمێ نموونەیەکی ڕوونی سیاسەتە ناکارامەکانی ڕێژیم و کەمتەرخەمیی پێکهاتەیی بەنیسبەت ژینگە و تەندروستی گشتییە؛ ڕەوتێک کە نەک هەر مەترسی لەسەر داهاتووی ئێدۆلۆژیکی ناوچەکە دروست دەکات، بەڵکوو ژیانی ملیۆنان هاووڵاتی لە کوردستان دەخاتە مەترسییەکی ڕاستەوخۆوە.