کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر لە سەقز

12:12 - 1 خەزەڵوەر 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٤، کاک حەسەن‌خان پاکزاد، کەسایەتیی نیشتمانپەروەری خەڵكی سەقز و برای دوو شەهیدی کوردستان، بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو کوڕی کەریم خانی لەگزییە کە چ پێش شۆڕشی گەلانی ئێران و چ دواتریش دژ بە ستەمکاری ڕاوەستا و لە ناوچەکەدا خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی بەهێز بوو. بەتایبەت پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران کەریم خان وێڕای کوڕەکانی ئەوپەڕی یارمەتیی خۆیان پێشکەشی شۆڕشی حەقخوازانەی گەلەکەمان کرد و جیا لە لەئێختیارنانی ماڵ و مڵکەکانیان و سامان و داراییەکانیان بۆ سەرخستنی شۆڕش، دوو کوڕیشی بەناوەکانی ئەنوەر و موزەفەر گیانی ئازیزیان پێشکەش بە نیشتمان کردووە.

حەسەن خان پاکزاد بەو هۆیەوە کە کارمەندی ئیدارەی لەشساخی بوو، هەموو کات لە ڕووی دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو.

شەهید ئەنوەر پاکزاد کە وەک تەشکیلاتی حیزب لە ناو شاردا چالاکی دەکرد و دواتر بووە پێشمەرگە، لە شەڕێکی داسەپاودا قارەمانانە بەرگریی لە شەرافەت و کەرامەتی گەلەکەی کرد لە ساڵی ٦٤ی هەتاویدا و لە گوندی دەرەویان شەهید کرا.

هەر هەمان ساڵ و لە ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزدا، شەهید موزەفەریش لە کاتی بەرگری لە خاکی کوردستان لە ماڵی باوکی واتە کەریم خان لە لەگزی، پاش بەرگرییەکی قارەمانانە دژی پەلاماری هێزە  دژی‌گەلییەکان و پاش تۆپبارانکرانی ماڵەکەیان و سووتاندنیان پەیوەست بە کاروانی نەمران  بوو.

بەڕێز حەسەن خانی پاکزاد جیا لە تێکەڵاوی لەگەڵ شۆڕش، وەک خۆیشی کەسێکی خۆشناو و جێگەی بڕوا و متمانەی خەڵک بوو و هەردەم بە شانازییەوە باسی ڕابردووی بنەماڵەکەیان و بەتایبەت ڕێگەوڕێبازی برا شەهیدەکانی دەکرد.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.