
لە درێژەی هەوڵە یەک لە دوای یەکەکان بۆ چالاککردنی مێکانیزمی ماشە و هاواهەنگیی وڵاتانی جیهان لە پێوەندی لەگەڵ ئەو گەمارۆیانە، تورکیە هەژماری بانکیی چەندین کەسایەتی و ناوەندی پێوەندیدار بە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی تارانی داخست.
ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، بە بڕیاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە، چەندین کەسایەتی، ڕێکخراو و ناوەندی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە پێوەندییان بە پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمەوە هەیە سزا دراون کە شیرکەتی کەشتیوانی، شیرکەتی وزە و ناوەندی توێژینەوەکانی لەخۆ گرتووە.
ئەو هەوڵانەی تورکیە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممە هێزە ڕۆژاواییەکان لەوانەش ئەمریکا، کانادا و بریتانیا باسیان لە گەڕانەوەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی بەرنامەی ناوکی و مووشەکییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کرد.
هەرکام لە ڕێکخراوی وزەی ناوکی، بانکی سپەهـ، بانکی سپەهـی ئینتێرنەشناڵ، ناوندی توێژینەوە و بەرهەمهێنانی ناوکیی ئێسفەهان، ناوەندی تێکنۆلۆژیی ناوکیی ئێسفەهان، ناوندی توێژینەوەی ناوکیی کەرەج، ناوەندی توێژینەوەی ناوکیی کشتوکاڵی و پزیشکی، شیرکەتی کەشتیڕانیی ئێران ـــــ هێند، شیرکەتی وزەی نوێ، شیرکەتی پارس تراش، شیرکەتی جابری ئیبنی حەیان، شیرکەتی پیشەسازیی وزەی پیشگام و شیرکەتی هێڵی کەشتیوانیی باشووری ئێران لەو ناوەند و شیرکەتانەن کە تورکیە هەژمارە بانکییەکانی داخستووە.
هەروەها ئەو کەسایەتییانەی لە پێڕستی گەمارۆکانی تورکیەدان بریتیین لە: بەهمەن عەسگەرپوور، محەممەد فەدایی ئاشیانی، عەباس ڕەزایی ئاشتییانی، هالە بەختیار، مورتەزا بێهزاد، حوسێن حوسێنی و چەند کەسی دیکە.