ڕۆژی شەممە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی خاتوو حەلیمە قادری ئەندامی تێکۆشەری حیزب و هاوسەری هاوڕێی بەڕێز کاک دارا ناتق بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
خاتوو حەلیمە لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و کوردپەروەر لە دایک بوو. تاکوو قۆناغی فاکەڵتی پەروەردە/بەشی کۆمەڵایەتی بۆ ماوەی یەک ساڵ درێژەی بە خوێندن دا و لە ساڵی ٢٠٠٥ ژیانی هاوبەشی لەگەڵ کاک دارا پێک هێنا.
شایانی باسە جیا لە خاتوو حەلیمە چوار خوشکی تری ناوبراو ژیانی هاوبەشیان لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزب پێک هێناوە و دڵسۆزی و خەمخۆریی ئەو بنەماڵە سەربەرزە بۆ حیزبەکەمان جێگای ڕێز و پێزانینە.
خاتوو حەلیمە چەندین ساڵ ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی زاگرۆس، ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنان، ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوان و ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی بێلژیک بووە و هەتا کاتی ماڵاوایی لە ژیان، بەوپەری دڵسۆزییەوە لە خزمەت بە حیزبەکەی بەردەوام بوو.
خاتوو حەلیمە ژنێکی میهرەبان و لەسەرەخۆ، دڵسۆز و جێگای باوەڕ بوو. لە کاری حیزبیدا جیددی و بە پەرۆشەوە کارەکانی ئەنجام دەدا.
ساڵی ٢٠٢٢ کوردستانی بەجێ هێشت و لە وڵاتی بێلژیک گیرسایەوە. لەوێش هەر وەک کوردستان دەستی بە کار و تێکۆشانی حیزبی کردەوە و لەوپەڕی دڵسۆزیدا کارەکانی ئەنجام دەدا و جیا لە ئەندامەتی لە کۆمیتەی حیزب، ئەندامی کۆمیتەی ژنان لە بێلژیکیش بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.