کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: فەرماندەیەکی حیزبوڵڵا لە هێرشێکی دڕۆنیدا کوژرا

11:00 - 4 خەزەڵوەر 2725

ئەرتەشی ئیسرائیل ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند کە توانیویەتی عەباس حەسەن کەرەکی، فەرماندەی یەکەی لۆجستیکی گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان بکاتە ئامانج. یەکەیەک کە بە ناوی "بەرەی باشووری حیزبوڵڵا"یش ناوی لێ دەبرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەرتەشی ئیسرائیلدا هاتووە، دڕۆنێکی ئیسرائیل ماشینی عەباس حەسەن کەرەکی لە شارۆچکەی تول سەر بە پارێزگای نەبەتیە لە باشووری لوبنانی کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە کوژراوە.

لە ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کەرەکی "بەرپرسی بنیاتنانەوەی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی حیزبوڵڵا و بەڕێوەبردنی گواستنەوە و هەڵگرتنی چەک لە باشووری لوبنان  بووە."

ئەرتەشی ئیسرائیل دەڵێت، ناوبراو بەم کارانە، ئەو ڕێککەوتنانەی کە لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان ئەنجام دراونی پێشێل کردووە.

ئاماژەی ئەرتەشی ئیسرائیل بەو ڕێککەوتنانەیە کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لە ٧ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، ڕاگرت.

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە لە دوای هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ماشینێک لە باشووری لوبنان کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.

هەروەها زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل لە ڕۆژی پێنجشەممە بۆ سەر باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان لانیکەم چوار کوژراوی لێکەوتەوە.

ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئامانجی لەو هێرشانە کردنەئامانجی کۆگاکانی چەک و شوێنەکانی ڕاهێنان و ژێرخانی نیزامی بووە.

سەرەڕای ئاگربەست، ئیسرائیل هێرشی پچڕپچڕ بۆ سەر لوبنان درێژە پێ دەدات کە ئامانج لەو کارەی ڕێگریکردنی دووبارە بنیاتنانەوەی توانا نیزامییەکانی حیزبوڵڵا ڕاگەیاندووە.