سەرەڕای بەڵێنی دووبارەی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی و زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان بۆ باشترکردنی دۆخی پەرستاران، ڕاپۆرتەکان نیشان دەدەن کە حەقدەستە دواکەتووەکانیان و باری زۆری کار هێشتا گرینگترین نیگەرانییەکانی ئەم توێژەن.
کۆمەڵێک لە پەرستارانی کرماشان ڕەخنەیان لە دواکەوتنی پێدانی مووچە و جێبەجێنەکردنی حەقدەستی خزمەتگوزارییەکانی پەرستاری گرت و داوایان لە بەرپرسانی پەیوەندیداری ڕێژیم کرد کە دەستبەجێ چارەسەری دۆخی کار و بژێوی ژیانیان بکەن.
ئەم پەرستارانە باری زۆری کار، کەمیی هێزی مرۆیی، ئیزافەکاریی زۆرەملێ و پشتگوێخستنی جیاوازی ئاستی داهاتی نێوان پەرستاران و پێرسۆنێلی دیکەیان وەک هۆکاری سەرەکیی ناڕازیبوونیان هێناوەتەوە.
بە وتەی سەجاد محەممەدی، بەرپرسی نیزام پەرستاریی ئەو پارێزگایە، نەک هەر هەشت مانگە حەقدەستی خزمەتگوزاری پەرستاری نەدراوە، بەڵکوو داهاتی مانگانەیان سەرەڕای باری قورسی کار و شیفتی کاریی درێژ، نزیکەی ١٧ بۆ ١٨ میلیۆن تەمەن ماوەتەوە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی کارکردن دادپەروەرانە نییە.
محەممەدی دانی بەوەدا نا کە لە هەندێک پارێزگا دواکەوتنەکان یەک بۆ دوو مانگە، بەڵام لە کرماشان ئەمجارە گەیشتووەتە هەشت مانگ، ئەمەش ناڕەزایی و ماندووبوونی هێزەکانی لێکەوتووەتەوە.
لەکاتێکدا کە پەرستارانی کرماشان قورسترین بارگرانیی خزمەتکردن لە نەخۆشخانەکان بە کەمترین ئیمکانات لە ئەستۆ دەگرن، درێژەدان بەم ئاستە لە پشتگوێخستن دەتوانێت ببێتە هۆی کۆچی بەربڵاوی کادری دەرمان و لاوازبوونی بناغەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لەو پارێزگایەدا.