شەوی ڕابردوو خەڵکی شاری سەقز لە پارکی "شار" بەبۆنەی سەرکەوتنی موبین عەزیمی وەرزشوانی بواری کوشتی ئازاد شاییان دەربڕی و بەو شێوەیە هەوڵ و ماندووبوونی ئەو لاوە کوردەیان بەرز نرخاند.
شەوی شەممە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەرکەوتنی لاوی بەتوانا و وەرزشوانی سەرکەوتوو، موبین عەزیمی، خەڵکی شاری سەقز لە کۆبوونەوەیەکی بەریندا و بە شایی و هەڵپەڕکێ سەرکەوتنی ئەو وەرزشوانەیان جێژن گرت.
مویبن عەزیمی لە کێبڕکێی جیهانیی کوشتی ئازاد لە سێربێستان، لاوانی ژێر ٢٣ ساڵ و لە کێشی ٩٢ کیلۆدا توانی مداڵیای زێر بەدەست بێنێت.
ئەو لاوە کوردە پێشتریش مداڵیای برۆنزی کێبڕکێی قارەمانەتیی کوشتی ئاسیای ساڵی ٢٠٢٥ی بەدەست هێنا و هەروەها پلەی یەکەمی قارەمانیەتیی جیهانیی ساڵی ٢٠٢٣ی ئۆردۆنی بردەوە.
محەممەدموبین عەزیمی خەڵکی شاری سەقز و ٢٣ ساڵە، هەتا ئێستا چەندین جار لە کێبڕکێ جیاوازەکاندا توانیویەتی سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنێت.
شایانی باسە ئەو لاوە وەرزشوانە بەتوانایەی کورد بە کەمترین کەرەستە و ئیمکانات بەبێ هیچ پشتیوانییەکی ماڵی دامودەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە توانیوە خۆی لە بواری وەرزشییەوە پێبگەیەنێت و بگاتە ئاستی قارەمانەتیی جیهان.