هاونیشتمانییەکی لاوی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و هاونیشتمانییەکی دیکەی خەڵکی مەهابادیش بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای داسەپاوی بەندکرانەکەی پاش دەسبەسەرکران بۆ بەندیخانە ڕاگوێزرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کوردپا"، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەر، ئارام وەفایی لاوی ١٨ ساڵەی خەڵکی "عەباساوا"ی بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
ئەو هاونیشتمانییە کە پێشتریش بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە بۆکان کرابوو، کاتژمێر ٦ی سەرلەبەیانی، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی و لە دوای هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کراوە.
هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراو و شوێنی ڕاگیرانی "ئارام وەفایی" زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەروەها ڕۆژی شەممە ٣ی خەزەڵوەر، "سروش یووسفزادە" خەڵکی مەهاباد کە پێشتر بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" بە ٦ مانگ سزای بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرا.
ئەو هاونیشتمانییە لە ڕێکەوتی ٢٩ی جۆزرەدانی ئەمساڵ لە ڕەوتی هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کرا و لە دوای تێپەڕبوونی ٢٥ ڕۆژ ڕاگیران و لێپرسینەوەبە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی بەناو دادگاییکردنەکەی، ئازاد کرا.