کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدان و ٦٠ ساڵ بەندکران بۆ حەوت چالاکی سیاسیی کورد

17:10 - 4 خەزەڵوەر 2725

لە درێژەی دەرکردنی حوکمە قورسەکان دژی چالاکان و هاووڵاتییانی کورد، چالاکێکی سیاسیی کورد بە ئێعدام و شەش کەسی دیکە سەرجەم بە ٦٠ ساڵ بەندکران مەحکووم کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ''هەنگاو''، کاوەیس عەبدوڵڵازاده، خەڵکی مەهاباد لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەحەد سیامی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

هەروەها سالار بایەزیدی ئازەر، خەڵکی مەهاباد هێمن مام قادری، یووسف مام قادری و مەنسوور کەربەلایی، سێ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و سالار سەیدڕەحیمی و حەسەن مامیل ئازەر، خەڵکی میاندواو لە لایەن هەمان دادگا هەر یەک سزای ۱۰ ساڵ بەندکران و سەرجەم ۶۰ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

تۆمەتەکانی ئەو هاووڵاتییانە «پێکهێنانی باند و گرووپ بە ئامانجی ڕووخاندنی ڕێژیم و داڕشتنی پلان بۆ سەرهەڵدانی گشتی و هاوکاری لەگەڵ یەکیک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم'' ڕاگەیەندراوە.

شایەنی باسە کە لە نێوان ئەو تۆمەتبارانەدا کاوەیس عەبدوڵڵاپوور دوای ئازادکردنی بەدانانی بارمتە، لە ئێران ڕۆیشتووەتە دەرەوە.

هێمن مام قادری کە لەگەڵ یووسف مام قادری لە جاددەی بۆکان-سەقز دەسبەسەر کرابوو بەهۆی بەرکەوتنی گوللـەی هێزە ئەمنییەکان لە لاقی بریندار کرابوو و ئەو برینداربوونە لەسەر ڕەوتی ئاسایی ژیانی ناوبراو کاریگەریی هەبووە.

ئەو هاووڵاتییانە لە نیوەی سەرەتای پووشپەڕی ساڵی ١٤٠١لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوون و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوون.