کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووساد زانیاریی لەسەر تۆڕێکی تێرۆریستیی سەر بە سپای قودس ئاشکرا کرد

10:09 - 5 خەزەڵوەر 2725

دەزگای هەواڵگری و عەمەلیاتە تایبەتەکانی ئیسرائیل ''مووساد''، ڕایگەیاند کە تۆڕێکی سەر بە لقی قودسی سپای پاسدارانی دەستنیشان کردووە کە لە پشت هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر ناوەند و دامەزراوە جوولەکەکان لە وڵاتانی ڕۆژاوا بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، ڕۆژنامەی ''تایمز ئیسرائیل'' لە زاری مووسادەوە نووسیویەتی، فەرماندەیەکی باڵای سپای قودس بە ناوی "سەردار عەمار" بەرپرسیارەتی ئەم تۆڕەی لە ئۆستۆیە.

ئەو تۆڕە دوای هێرشەکانی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بۆ سەر ئیسرائیل، چالاکییەکانی بۆ بە ئامانجگرتنی شوێنی جوولەکە و ئیسرائیلییەکان لە سەرانسەری جیهاندا چڕتر کردووەتەوە.

مووساد وتویەتی ئەو تۆڕە لەڕێگەی ئەنجامدانی هێرشی سووتاندن و تێکدانی ناوەند و شوێنە بازرگانییەکانی سەر بە جوولەکەکان هەوڵ دەدات کەشی  ترس و تۆقاندن لەنێو کۆمەڵگەی جوولەکەکاندا دروست بکات. هەروەها ئەم گرووپە پلانی هەیە هێرش بکاتە سەر کەسایەتییە دیارەکانی کۆمەڵگەی جوولەکەکان.

ڕێکخراوی هەواڵگریی ئیسرائیل سێ نموونەی عەمەلیاتە پێوندیدارەکان بەم تۆڕەی لە وڵاتانی وەکوو یوونان، دانمارک و ئوسترالیا بڵاو کردووەتەوە، کە بە هاوکاری لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتانە دەستنیشان کراون.

بە وتەی مووساد، بۆ شاردنەوەی ڕۆڵی ئێران، ئەم تۆڕە کەسانی غەیرە ئێرانی و ئەندامانی گرووپە تاوانکارییە ڕێکخراوەکانی بەکار هێناوە و پێکهاتەکەی بە شێوەیەک داڕێژرابوو کە پەیوەندییە نێوخۆییەکان تا ڕادەیەکی زۆر بە نهێنی بمێننەوە.

سەرچاوە هەواڵگرییەکان بە ڕۆژنامەی 'تایمزی ئیسرائیلیان ڕاگەیاندووە کە زۆرێک لەو هێرشانە لە جێبەجێکردندا "ناهەماهەنگ و ناشارەزا" بوون، هەرچەندە مەودای چالاکییەکانی ئەو تۆڕە بە فراوان وەسف کراوە.