کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دژی مامۆستایەکی خانەنشینکراوی کورد و بنەماڵەکەی

10:22 - 5 خەزەڵوەر 2725

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە دوای دەسبەسەرکردنی "جەهانگیر ڕۆستەمی" مامۆستای خانەنشینکراوی کورد و خەڵکی شاری "هەرسینـ"ـی کرماشان، بەمەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێی کوڕەکەی بۆ بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزراوە.

بەپێی زانیاریی هەواڵدەرییە مافی مرۆییەکان، ئێحسان ڕۆستەمی کوڕی جەهانگیر ڕۆستەمی  وەرگێڕ، نووسەر و چالاکی فەرهەنگیی سەربەخۆ کە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٤ لەلایەن هێزە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو بۆ بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە، هێزەکانی ڕێژیم ئەو مامۆستا کوردەیان کردووەتە بارمتە هەتا لە ڕێگەی ئەشکەنجە و ئازارە، ئێحسان ڕۆستەمی کوڕی ناوبراو ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ بکەن.

بەپێی ئەو سەرچاوە هەواڵدەرییانە، جەهانگیر ڕۆستەمی هاوکات لەگەڵ کچەکەی لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەردا لەژێر ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆردا بوون و بەو هۆیەوە سەر و دەموچاوی ئەو مامۆستا کوردە لەژێر ئەو ئەشکەنجانەدا بە توندی بریندار بووە.

هەروەها هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە بەندیخانەی ئێڤین، لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەر "جەهانگیر ڕۆستەمیـ"ـیان بە برینداری و دەموچاوی خوێناوییەوە بردووەتە پێش چاوی کوڕەکەی و هەتا لەو ڕێگەیەوە ئێحسان ڕۆستەمی ناچار بە دانپێدانانی هەندێک تۆمەتی بێ بنەما و دوور ڕاستی بکەن.

شایانی باسە هێزە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم وێڕای دەسبەسەرکردنی کوڕی ئەو مامۆستا کوردە، برازایەکی ناوبراویشیان بە ناوی "ڕامین ڕۆستەمی" دەسبەسەر کردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا ئێحسان و ڕامین ڕۆستەمی لە سێ حەفتەی ڕابردوودا و پێش دەسبەسەرکرانی ئەندامانی بنەماڵەکەیان لەهەمبەر ناڕەزایەتی بە هەڕەشەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، مانیان لە خواردن گرتبوو.

هەروەها ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی هەرسین بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێڕای مەحکوومکردنی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئەو بنەماڵە فەرهەنگییەی کوردستان، بەنیسبەت گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنەماڵەی ناوبراوە بۆ دانپێدانانی زۆرەملێیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.