کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درۆی نوێی حیزبوڵڵا بۆ بێبەریکردنی خامنەیی لە شەڕی لوبنان

11:45 - 5 خەزەڵوەر 2725

نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ''ئەلمەنار'' ئیدیعای کرد کە عەلی خامنەیی تەنیا "چاودێرێکی" شەڕی حیزبوڵڵا لەگەڵ ئیسرائیل بووە و هیچ ڕۆڵێکی لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکاندا نەبووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە بڕیارەکانی شەڕ بەتەواوی لوبنانی بوون.

ئەم قسانە لە کاتێکدا دەوترێ کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵانێکە لە ڕێگەی پاڵپشتیی دارایی و چەک و مەشق و ڕاهێنانەوە حیزبوڵڵا دەکاتە قۆڵی سەربازی خۆی لە ناوچەکەدا.

نکۆڵیکردن لە ڕۆڵی خامنەیی هەوڵێکی ڕوونە بۆ پاککردنەوەی بەرپرسیاریەتیی ڕاستەوخۆی ئێران لە ململانێکانی لوبنان و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بەبێ پاڵپشتی سپای قودس، حیزبوڵڵا ناتوانێت هیچ شەڕێک دەست پێ بکات و بەردەوامی پێ بدات. سیاسەتی دەستێوەردانەی کۆماری ئیسلامی لە لوبنان، سووریە و یەمەن نەک هەر سەقامگیریی ناوچەیی تێک داوە بەڵکوو خەڵکی ئەو وڵاتانەشی کردووەتە قوربانی زێدەخوازییەکانی تاران.

لێدوانەکانی نەعیم قاسم بەرگریکردن لە لوبنان نییە، بەڵکوو شاردنەوەی ڕۆڵی ڕاستەقینەی ڕێژیمی ئێران لە وروژاندنی شەڕ و هەناردەکردنی ناسەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.