لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانە ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان لە ئێران، ڕاپۆرتێکی نوێ لە دامودەزگاکانی ڕێژیم هەقیقەتێکی تاڵتری ئاشکرا کردووە.
محەممەد بەتحایی، بەرپرسی ڕێکخراوی کاروباری کۆمەڵایەتیی ئێران ڕایگەیاند کە ئێمە بینەری زیادبوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە تەمەنەکانی خوار ١٢ ساڵداین کە پێشتر زۆر دەگمەن بوون.
ناوبراو بێ ئەوەی باس لە بێمتمانەیی گشتی، نەبوونی ئاسۆی داهاتوو و پشتیوانیی ناکاریگەر بکات، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک هۆکاری زیادبوونی خۆکوژی لە ئێران ناو بردووە.
ئەم دانپێدانانەی بەرپرسانی ڕێژیم، وێنەیەکی ڕوون لە قووڵایی نائومێدی و قەیرانی دەروونییە لە کۆمەڵگایەکدا کە ساڵانێکە لەژێر گوشاری هەژاری و سەرکوت و نادادپەروەریدا دەناڵێنێت.
لە کۆمەڵگایەکدا کە منداڵان لە جیاتی ئاسایش و پەروەردە ڕووبەڕووی هەژاری و توندوتیژی و هەڵاواردن و چەوساندنەوە دەبنەوە، نکۆڵی لە زیادبوونی ڕێژەی خۆکوشتن لە نێو گەنجاندا ناکرێ.
زیادبوونی خۆکوشتن لە نێو منداڵاندا نیشانەیەکی توندی داڕمانی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی لەژێر سێبەری سیستماتیکدایە کە توانای پاراستنی تەنانەت سەرەتاییترین مافەکانی خەڵکی ئێرانی نییە.