فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان لە هەژدەهەمین ساڵی چالاکیی خۆیدا بە سروودی "خوایە وەتەن ئاوا کەی" لەژێر تەوەری "پاراستنی ژینگە" و بە هێمای حاجی لەق لەق ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەر دەستی بە چالاکییەکانی کرد.
ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، هەژدەهەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان بە بەشداریی هەزاران هاونیشتمانیی مەریوانی و شارەکانی دیکەی کوردستان بە شایی، هەڵپەڕکێ و خۆشحاڵی خەڵک و بە سروودی "خوایە وەتەن ئاوای کەی" و بە تەوەری پاراستنی ژینگە و بە هێمای حاجی لەق لەق دەستی پێ کرد.
بەڕێوەبەرانی ئەو فێستیڤاڵە هۆکاری بەکارهێنانی هێمای حاجی لەق لەقیان وەکوو تەوەری ژینگەپارێزیی ئەو چالاکییە فەرهەنگییە بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ئەو باڵندەیە هێمای ئاشتی، هیوا و هاوپێوەندیی خەڵکی مەریوانە گەڵ سروشت و ژینگەیە.
شایانی باسە لە هەژدەهەمین ساڵی چالاکیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، ٤٣ گرووپی شانۆکار لە ڕێگەی ١٠٧ شانۆ لە سەرانسەری ئێران و هەروەها لە وڵاتانی "هێند" و "توونێسـ"ـەوە هونەری خۆیان نیشان دەدەن.
هەروەها بە بڕیاری بەڕێوەبەرانی شانۆی سەرشەقامی مەریوان ئەو شانۆیانە لە هەرکام لە دەریاچەی زرێبار، پارکی شانۆ، پارکی میللەت و گۆڕەپانی باوەڕەشی ئەو شارەدا بەڕێوە دەچێت.
هەرچەند ساڵانە لە شارەکانی کوردستان سەدان چالاکیی فەرهەنگی و مەدەنی لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە هەڵدەوەشیێتەوە یان ڕێگرییان لێ دەکرێت بەڵام شاری مەریوان ١٨ ساڵە وەکوو پێتەختی شانۆی سەرشەقامی جیهان دەناسرێت و هەموو ساڵێک لە وەرزی پاییزدا ئەم فێستیڤاڵە بەڕێوە دەچێت و هونەرمەندان و شانۆکاران لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانەوە تێیدا بەشداری دەکەن.
فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان هەنگاوێکی گرنگە بۆ لێکنزیککردنەوەی نەوەتە جیاوازەکانی ئێران و بە یەک ئاشنابوونی ئەو نەتەوانە لەگەڵ کلتوور، فەرهەنگ و دابونەریتی یەکتر، ئەوەش لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵێکی ئەوەیە نەتەوەکانی نێو چوارچێوەی جۆغرافیای ئێران بکاتە دوژمنی یەکتر و لە یەکتریان دوور بخاتەوە.