ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەر، هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ''هیوا حوسێنی خەڵکی گوندی وزمەڵە و هادی ئیبراهیمپوور خەڵکی گوندی سیارەیان بە تاوانی ناڕەزایەتیدەربڕین بە دەسبەسەرداگرتنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کانگای زێڕی مێرگەنەخشینە دەسبەسەر کرد.
ململانێکان لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە شیرکەتەکانی وەبەرهێنان بە پاڵپشتیی هێزە ئەمنییەکان هەوڵیان دا ئامێری قورس لە ڕێگەی زەوی و مەزرای خەڵکەوە ڕابگوازن، جووتیاران بە خستنەڕووی بەڵگەنامەی خاوەندارێتی بەرگریان لە مافەکانیان کرد. بەڵام هێزەکانی ڕێژیم لە پاسگای ''میرەدێ'' لەبری ئەوەی پشتیوانیان بکەن، لایەنگریی شیرکەتەکانی کانگایان کرد و بە توندوتیژی دوو خۆپیشاندەریان دەسبەسەر کرد.
بە وتەی شایەتحاڵان، تێپەڕبوونی ئامێرە قورسەکان، زەوییە بەپیتەکانی ناوچەکەی وێران کردووە و بڕیارە ئەو ڕێگا جێناکۆکییە ببێتە ڕێگا و پردێکی هەمیشەیی بۆ کانەکە.
سەرچاوە خۆجێیەکان باسیان لەوە کرد کە هیچ زانییارییەک لەسەر شوێنی دەسبەسەرکراوان نییە. چالاکە خۆجێییەکان ئەم ڕووداوە بە بەشێک لە سیاسەتی تاڵانکردنی سامانە سروشتییەکانی کوردستان و سەرکوتکردنی دەنگی خەڵکی ڕەسەن دەزانن.