بەرەبەیانی ٤ی خەزڵوەر، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، هێرشێکی قورسیان بۆ سەر ناوچەکانی پشتکوهی خاش ئەنجام دا و لانیکەم ١٥ بنەماڵەی بەلووچیان لە هۆزی "ڕەحمەت زێهی" بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستن.
لەم عەمەلیاتەدا کە بە زیاتر لە ٣٠ ماشین و ١٠٠ کەس هێزی نیزامیی ڕێژیم ئەنجام درا، ژن و پیاو و منداڵ لە ماڵەکانیان ڕاکێشراون و بە توندوتیژی خراونەتە نێو ئوتوبووسەوە.
ئەم بنەماڵانە چەندین نەوە لە بەلووچستان ژیاون، بەڵام بەهۆی هەڵاواردنەوە لە ناسنامە و مافە سەرەتاییەکانی وەک خوێندن و چاودێریی تەندروستی و بیمە بێبەش کراون. ئێستا ڕێژیم لەبری چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، ئەوانی بە "هاووڵاتیی بیانی" ناساندووە و دەسبەسەری کردوون.
چالاکانی بەلووچ ئەم کارەیان بە نموونەیەکی ڕوون لە سیاسەتی لابردنی ناسنامە و هەڵاواردنی پێکهاتەیی لە دژی خەڵکی بەلووچ ناو بردووە.
بە وتەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەم هەڵسوکەوتە پێشێلکردنی بنەماکانی یاسای بنەرەتی و پەیمانە نێودەوڵەتییەکانە، بەو پێیەی هیچ کەسێک ناتوانرێت لە مافی ژیان لە زێدی خۆی بێبەش بکرێت تەنیا لەبەر ئەوەی بەڵگەنامەی ناسنامەی نییە.
ئەم ڕووداوە جارێکی تر سیاسەتی هەڵاواردن و ستەمکارانەی ڕێژیمی ئێرانی بەرامبەر بە خەڵکی بێبەشی بەلووچ ئاشکرا دەکات.