عەباس عیبادی، جێگری بەڕێوەبەری پەرستاری لە وەزارەتی تەندروستی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تێلێڤزیۆنیدا ڕایگەیاند کە ''تەنیا لە ساڵی ١٤٠٣ نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ پەرستارمان لە دەست داوە.''
بە وتەی ناوبراو، لەو ژمارەیە ٥٧٠ کەسیان بۆ وڵاتانی دەرەوە کۆچیان کردووە و نزیکەی هەزار و ٩٥٠ کەسیان یان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە یان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە کارەکانیان بەجێ هێشتووە.
عیبادی هەروەها باسی لەوە کرد لە هەمان ساڵدا نزیکەی هەزار و ٩٠٠ پەرستار خانەنشین بوون. ناوبراو هۆشداریی دا کە کۆچکردنی بەربڵاوی پەرستاران، چ لەڕێگەی کۆچەوە یان وازهێنان لە کارەکانیان، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کوالێتی خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستی هەیە و لە درێژخایەندا بارگرانییەکی دارایی قورس دەخاتە سەر سیستمی تەندروستیی وڵات.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی جەختی لەوە کردەوە کە کەمیی پەرستار لە ئێران بووەتە یەکێک لە ئاستەنگە جیددییەکانی کەرتی تەندروستی و پێویستی بە سیاسەتی پشتیوانیی بەپەلە هەیە.
لە کاتێکدا پەرستاران لە سەختترین بارودۆخی کارکردن و بۆ کەمترین مووچە کار دەکەن، بەڵام بەڵێنەکانی ڕێژیم بۆ باشترکردنی دۆخەکەیان جێبەجێ نەکراوە. دامەزراندنی بێ پلان، پارەدانی نادادپەروەرانە و نەبوونی پشتیوانی کاریگەر وای کردووە زۆرێک لە هێزە پسپۆرەکان کۆچ بکەن یان کارەکانیان بەجێ بهێڵن.