لە درێژەی ڕەوتی گیانلەدەستدانی کرێکاران بەهۆی ڕووداوی کار و ڕووداوەکانی دیکەوە، لە کەمتر لە یەک مانگدا لە شاری سەقز سێ کرێکار گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی دووشەممە ٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ی هەتاوی، لە یەکێک لە کارگەکانی ڕێگاوبانی ڕێگای سەقز بۆ بۆکان کرێکارێک بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ و لە کاتی کاردا گیانی لەدەست داوە و ئەوەش سێهەمین حاڵەتی گیانلەدەستدانی کرێکاران لەو شارەدایە.
ڕاپۆرتە مافی مرۆییەکان شوناسی ئەو کرێکارەیان "سابیر گوڵمحەممەدی"، ٥٠ ساڵە و باوکی سێ منداڵ بڵاو کردووەتەوە.
ئەو کرێکارە لە کاتی پشوودان و نانخواردندا ماشینێک پێیدا کێشاوە و گیانی لەدەست داوە.
هەروەها ڕێکەوتی ٨ی گەڵاڕێزان "جەواد بەهرامی" ٢٤ ساڵە و ئارماتۆربەند و خەڵکی شاری سەقز بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی و "ڕەسووڵ داراب" ٤٠ ساڵە و جۆشکار بەهۆی ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە.
شایانی باسە بەپێی ئاماری پزیشکی دادوەریی ئێران، ساڵی ڕابردوو ١٩٨٦ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە لە ئێران بوونەتە قوربانی و نزیک بە ٢٧ هەزار کرێکاری دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ١٤٠٣ی هەتاویدا ١٩٧١ کرێکاری پیاو و ١٥ کرێکاری ژن بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە لە ئێران گیانیان لەدەست داوە.
هەروەها کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی و لەسەر بیناکان بووەتە هۆکاری گیانلەدەستدانی نزیک بە هەزار کرێکار.
بەم شێوەیە لەو ساڵەدا مانگانە نزیکەی ٢٠٠ کرێکار و لە حەفتەیەکدا نزیکەی ٥٠ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کار و کەمتەرخەمیی خاوەنکار و بەرپرسان گیانیان لەدەست داوە.
ڕەچاونەکردنی پرەنسیپەکانی سەلامەتی لەلایەن خاوەنکارەکانەوە، نەبوونی سەرپەرشتیار لە وەزارەتی تەعاون و کار و چاودێریی کۆمەڵایەتی، نەبوونی جلوبەرگی ستانداردی کارکردن بۆ کرێکاران و نەبوونی ڕاهێنان بۆ کرێکاران لە گرینگترین هۆکارەکانی ڕووداوی مەترسیدار و کوشەندەی کارکردنن.
ئێران یەکێک لە وڵاتە نائەمنەکان بۆ کرێکارانە. سەلامەتی کار و پیشە لە ئێران لە ئاستێکی زۆر نزمدایە و کرێکاران بەردەوام مەترسیی مردن و برینداربوونیان لەسەرە.