کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٢ ساڵ ناڕوونیی دۆخی هۆڵێک کە بڕیار بوو بە دوو ساڵ دروست بکرێت

12:10 - 6 خەزەڵوەر 2725

پڕۆژەی تەلاری ناوەندیی سنە کە بڕیار بوو لە ماوەی دوو ساڵدا دروست بکرێت، دوای ٢٢ ساڵ هێشتا تەواو نەبووە.

سەیدعەباس ساڵحی، وەزیری فەرهەنگ و ئێرشادی کۆماری ئیسلامی لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ ئەو پڕۆژەیە بەڵێنی دا کە لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا تەواو دەبێت؛ بەڵێنێک کە زۆرێک لە هونەرمەندانی کورد بە دووبارەکردنەوەی بێکۆتایی بەڵێنەکانی پێشووی دەزانن.

پەیمانکاری ئەو پڕۆژەیە بە ئاماژەدان بەوەی کە تەنیا ئێمکاناتی ناوەوە و نەهێشتنی کەموکوڕییەکان ماوە، ڕایگەیاند کە قەرزێکی نەدراوی هەیە کە بڕی ٦٠ میلیارد تمەنە. ئەم پڕۆژەیە بە پێشکەوتنی فیزیکی ٩١ی لەسەدی، سینەما، شانۆ، هۆڵەکانی مۆسیقا، بەشی هونەر و ئیداریی لەخۆ دەگرێت.

 بەڵام ڕاستییەکی تاڵ ئەوەیە کە فەرهەنگ و هونەر لە کوردستاندا کەوتووەتە قوربانی پشتگوێخستن و سیاسەتی ناوەندگەرایی کۆماری ئیسلامی.

دەوڵەتان یەک لە دوای یەک هاتوون و بەڵێنیان داوە، بەڵام هیچیان ئیرادەی جیددییان بۆ تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە نەبووە.

هونەرمەندانی ئەو پارێزگایە ساڵانێکە بەوپەڕی کەمیی ئیمکاناتی فەرهەنگی و هۆڵی نمایش کار دەکەن، لەکاتێکدا بە میلیاردها تمەن بۆ پڕۆژەکانی تاران و شارەکانی ناوەندی ئێران خەرج کراوە. تەلاری سنە هێمای بۆشایی قووڵی نێوان دروشمە فەرهەنگییەکانی ڕێژیم و واقیعی ژیانی هونەرمەندان لە ناوچە بێبەشەکانە.