کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان: لە مانگی ڕەزبەردا ڕێژیم ٢٨٣ کەسی لە سێدارە داوە

17:03 - 6 خەزەڵوەر 2725

لە نەوەدودووەمین حەفتەی چالاکیی حەفتانەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان و مانگرتن لە خواردنی بەندکراوان، ئەندامانی ئەم کەمپەینە سەرەڕای ئاماژەدان بە ڕێژەی لەسێدارەدراوانی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

لە بەیاننامەی ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان ئاماژە بەوە دراوە کە تەنیا لە مانگی ڕەزبەردا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ٢٨٣ بەندکراو لەوانەش حەوت ژن و دوو منداڵی لە سەرانسەری بەندیخانەکانی ئێراندا لە سێدارە داوە.

لە بەیاننامەی ئەو کەمپەینەدا هاتووە کە مانگی ڕەزبەر یەکێک لە مانگە خوێناوییەکانی چەند دەیەی ڕابردوو بووە.

هەروەها لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا باس لە ئاماری لەسێدارەدراوانی یەک حەفتەی ڕابردوو کراوە کە تێیدا ٥٩ کەس لەوانەش ٢ ژن لە سێدارە دراون.

لە بەشێکی دیکەدا نووسەرانی ئەو بەیاننامەیە نووسیویانە: "ئەو سزا بێبەزەییانەیە هەوڵی ئاشکرای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ دروستکردنی کەشی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو کۆمەڵگە و کپکردنی هاواری ئازادیخوازانی خەڵکی ئێرانە".

لەو بەیاننامەدا پێداگری لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە سێدارە، کەرەستەی تاوانکاریی ڕێژیمە بۆ مانەوەی دەسەڵاتە ستەمکارییەکەی.

شایانی باسە بە پەیوەستبوونی هەر دوو بەندیخانەی برووجێرد و ئیلام بەو کەمپەینە، ڕێژەی ئەندامانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان گەیشتووەتە ٥٤ بەندیخانە و لە هەموو ئەو بەندیخانانەدا چالاکانە مانگرتنی حەفتانە وەکوو ناڕەزایەتیی بە سزای دژەمرۆیی سێدارە بەڕێوە دەچێت.