
فەرماندەیەکی هێزی قودسی سپای پاسداران لە لێدوانێکی چەواشەکارانەدا بە ئاماژەدان بە شەڕەنگێزییەکانی حیزبوڵڵا و حەماس وتوویەتی: حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبەری حەماس و هێزەکانی ئێمە ئاگاداری هێرشی ٧ی ئۆکتۆبر بۆ سەر ئیسرائیل نەبوون.
ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەزبەر، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی قودسی سپای پاسداران لە وتووێژێکی تلویزیۆنیدا بە ئاماژەدان بە هەوڵە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا لە باکووری ئیسرائیل وتوویەتی: "بە وردی و ڕێکوپێکییەوە، قۆناغە پێویستەکانی ئەو هێرشە دیاری کرابوون و ئامادەکاریی تەواویان بۆ کرابوو".
قائانی سەبارەت بە وردەکاریی جینایەتی ٧ی ئۆکتۆبر وتوویەتی: "نە حەسەن نەسروڵڵا، نە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و نە ڕێبەرانی سەرەکیی حەماس لە کاتی دیاریکراوی ئەو ڕووداوە ئاگادار نەبوون".
ئەو لێدوانەی قائانی لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل دەیان جار باسیان لە ڕۆڵی سەرەکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو هێرشەدا کردووە و ئاماژەیان بە پێداهەڵگوتنی بەرپرسانی ڕێژیم بە هێزەکانی حەماس لەو ئۆپەراسیۆنەدا کردووە.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢ و کەمتر لە سێ مانگ دوای هێرشی ٧ی ئۆکتۆبر، ئەو ئۆپەراسیۆنەیان بە تۆڵەی خوێنی قاسم سلێمانی لە قەڵەم دا.
حەماس و هاوپەیمانەکانی لەوانەش هێزی قودسی سپای پاسداران و حیزبوڵڵا ڕێکەوتی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ ئۆپەراسیۆنێکیان لەژێر ناوی "زریانی ئەقسا" دژی ئیسرائیل دەست پێ کرد و لە ئاکامدا زیاتر لە ١٢٠٠ ئیسرائیلی لەوانەش خەڵکی ئاسایی و ژن و منداڵ کوژران و ٢٥١ کەسی دیکەشیان ڕفاند.
گرووپی حەماس و حیزبوڵڵا لەلایەن ئەمریکاوە وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەناسرێت و ئورووپاش تەنیا باڵی سەربازیی حیزبوڵڵای خستووەتە پێڕستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.