ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، مامۆستا مەلاحەسەن مەحموودی ناسراو بە مەلا حەسەنی کانی درێژ، کەسایەتیی ئائینی و نیشتمانپەروەر و زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری بۆکان، بە هۆی پیری و بەساڵاچوویەوە کۆچی دوایی کرد.
مامۆستا مەلاحەسەن لە ساڵی ١٣١٧ لە گوندی کانی درێژ لە ناوچەی گەورکایەتیی بۆکان لە دایک بووە و لە حوجرەی گەورەی مامۆستایانی ئایینی شارەکانی بۆکان و مەهاباد دەرسی ئایینی خوێندووە و ئیزنی مەلایەتی وەرگرتووە و لە زۆربەی گوندەکانی گەورکایەتی و شاری بۆکان مەلایەتی و پێشنوێژی کردووە و لە لای خەڵک خۆشەویست بووە.
مامۆستا کەسایەتییەکی حیزب خوشەویست و قوتابییەکی تا سەر وەفادار بە ڕێبازی پێشەوا قازی بووە و لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێراندا تێکەڵ بە کار و چالاکیی کوردایەتی دەبێ و وەک کادریکی بەتوانە پەرە بە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات دەدات و بۆیە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ماوەیەک لە ساڵی ١٣٦١ تا ساڵی ١٣٦٢ زیندانی کراوە. تەرمی مامۆستا مەلاحەسەن مەحموودی بە بەشداریی خەڵکی بۆکان و گوندەکانی گەورکایەتی لە گۆڕستانی کولتەپەی بۆکان بە خاک سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.