کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەی دەسبەسەرکراوەکانی مەهاباد گەیشتە سێ کەس

12:07 - 8 خەزەڵوەر 2725

بە دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی دیکە کە یەکێکیان ژن بووە، ژمارەی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییە کوردەکان لە مەهاباد لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەدا گەیشتۆتە ٣ کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەزەڵوەر، سەیران شاوەلە، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد دوای ‌هێرشێکی دڕندانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم دەسبەسەر کراوە.

هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بە بێ هەبوونی بەڵگەی دادوەری هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و دوایی دەسبەسەرکردنی بۆ شۆنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی خۆڕاگری، جەلال سەدەفی، هاوسەری سەیران شاوەلە ساڵی پێشوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کراوە و ئێستا لە بەندیخانەی مەهاباددایە.

خۆڕاگری هەروەها ئاماژەی داوە کە ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەر، کەیوان ئەحمەدی، هاووڵاتیی گوندی بەیرەم سەر بە شاری مەهاباد بە بێ هەبوونی هیچ حوکمێکی دادوەری و قانونی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕیژیم دەسبەسەر کراوە.

ئەم هاووڵاتییە لە درێژەی هێرشکردنی دڕندانەی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بۆ ماڵەکەی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

پێشتریش دامەزراوە کانی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایانگەیاندوە کە بەرەبەیانیی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەر، زیندانییەکی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەهاباد بە ناوی خزر (شەماڵ) ڕەسووڵ مروەت لە درێژەی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بۆ ماڵەکەی دەسبەسەر کراوە و بۆ شۆنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

تاکوو ئێستا هۆکاری گرتن، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەم سێ هاووڵاتییە ناڕوونە.