کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنەی توندی دوو ئەندام پارلەمانی بریتانیا بەهۆی بەتێرۆریست نەناساندنی سپای پاسدارانەوە

12:34 - 8 خەزەڵوەر 2725

دوو ئەندام پارلەمانی بریتانیا لە حیزبی موحافرەکار و حیزبی کرێکارانی بریتانیا، بەهۆی بەتێرۆریست نەناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە ڕەخنەی توندیان لە دەوڵەتی وڵاتەکەیان گرتووە.

هەرکام لە نوێنەرانی پارلەمانی بریتانیا، "یان دانکێن سمیت" نوێنەری موحافزەکاران و لۆرد مەک کیب لە حیزبی کرێکارانی بریتانیا، لە ڕەخنەکانیاندا ئاماژەیان بە هەوڵە توندئاژۆ و تێرۆریستییەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم لەو وڵاتە کردووە و ڕایانگەیاندووە: "تەنیا یەک ڕێگا لەپێشمانە، ئەوەش سزادانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە بەهۆی پشتیوانیی لە تێرۆریزم و وێرانی لەوانەش هێرش بۆ سەر یەهوودیان لە سەرانسەر جیهان لەڕێگەی بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانەوەیە".

جێگای ئاماژەیە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، ڕێبەری پێشووی حیزبی موحافزەکارانی بریتانیا پێداگریی لەسەر پەرەپێدانی توندوتیژیی سپای پاسداران لەو وڵاتە کردبوو و لەو بارەوە هۆشداریی دا.

هەروەها پێشتر ئەو دوو نوێنەرانەی پارلەمانی بریتانیا، بەهۆی پشتیوانییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران لە گرووپێکی تێرۆیستیی فەلەستینی بە ناوی "هەوڵدان بۆ فەلەستین"، ڕێگرییان لە چالاکیی ئەو گرووپە کردبوو.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، زیاتر لە ٥٥٠ نوێنەر پارلەمان و ئەندامی مەجلیسی گەورەکانی بریتانیا لە نامەیەکدا وێڕای ئاماژەدان بە نیگەرانییەکان لەبارەی پێشێلکردنی مافی دانیشتووانی ئێران و سەپاندنی سزای قورس بۆ سەر خەڵکی بێتاوان بە تۆمەتی بێنەمای سیخوڕی، داوای لە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کردبوو کە سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسرێت.