لەکاتێکدا کە زیاتر لە یەک لەسەر سێی خەڵكی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو توانانی ماڵیی بنەماڵەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزاندووە، دەوڵەتی پزسکیان و مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە جیاتی دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ کۆنتڕۆڵی گرانی و چاکسازی لە دۆخی بژێو، باسی لە بڕینی بەربڵاوی یارانەی خەڵک کردووە.
ئەحمەد مەیدەری، وەزیری کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی ڕێژیم ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەر ١٤٠٤ ڕایگەیاند کە دەوڵەت دەیەوێ یارانەی ١٥ میلیۆن کەس ببڕێ، بەڵام ئەگەر مەجلیس بڕیار بدات ٢٧ میلیۆن کەس بسڕێتەوە، ئێمە جێبەجێی دەکەین.
بەم حاڵەوە بەرپرسی مەجلیس، محەممەدباقر قاڵیباف، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی جێبەجێکرانی یاسای سڕینەوەی سێ دەهەک کە داهاتەکانیان لەسەرەوەیە، ڕەخنەی لە دەوڵەت گرتووە کە لە ساڵەکانی ڕابردوودا بە پێچەوانەی یاسا هەوڵی داوە و نەیتوانیوە کاری سڕینەوەی ئەو دەهەکانەی کە داهاتەکانیان لە سەرەوەیە بە دروستی جێبەجێ بکات.
لە دۆخێکدا کە بەپێی ڕاگەیاندنی فەرمیی دەوڵەت، هێڵی هەژاریی مانگانە بۆ هەر تاکێک لە ساڵی ١٤٠٣دا گەیشتووەتە زیاتر لە شەش میلیۆن کەس و نرخی هەژاری بۆ ٣٦ لەسەد بەرز بووەتەوە، سڕینەوەی میلیۆنها کەس لە وەرگرتنی یارانەی نەختی، بە مانای بێبەریکردنی بەشێک لە کۆمەڵگە لە لانیکەمی پشتیوانیی بژێوی ژیانە.
ڕۆژنامەی "دنیای ئێقتساد" ڕاپۆرتی داوە کە ئێستا زیاتر لە یەک لەسەر سێی خەڵکی ئێران توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و وزەیان نییە، بەم حاڵەوە دەوڵت کە لەگەڵ کەمیی بوودجە و قەیرانی دابینکردنی ماڵی بەرەوڕوویە، لە جیاتی چاکسازیی پێکهاتەی ماڵی و کۆنتڕۆڵی گەندەڵی، سادەترین بژاردە واتە سڕینەوەی یارانەی خەڵكی هەڵبژاردووە.
بەپێی بوودجەی ساڵی ١٤٠٤، تەنیا ٣١٥ هەزار میلیارد تمەن بۆ پێدانی یارانەکان لەبەرچاو گیراوە. ڕەقەمێک کە کەمتر لە نیوەی بوودجەی ساڵی ڕابردوویە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە دەوڵەت ساڵی ڕابردووش نەیتوانیوە بەڵێنەکانی خۆی بۆ پێدانی یارانەکان بەتەواوەتی جێبەجێ بکات و بەشێکی دیاری لە شوێنی قەرزەکان دابین کردووە.