کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی ماددە خۆراکییەکان لە ئێران گەیشتە ٦٤ لەسەد

16:51 - 8 خەزەڵوەر 2725

دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران باس لە بازدانێکی نیگەرانکەر لە هەڵاوسانی خۆراک و خواردنەوەکان دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ''تەسنیم''، بەپێی ئەم داتایانە، هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی ئەم گرووپە کاڵایە لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا بە گەشەیەکی ١٧ لەسەدی لە ٤٧ لەسەدەوە گەیشتووەتە ٦٤ لەسەد زیادبوونێک کە زۆرترین قورسایی لەسەر ژیانی ماڵە کەمداهاتەکان و دەهەکەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم هەواڵدەرییەی سەر بە سپای پاسداران، هاوکات ڕێژەی هەڵاوسانی مانگی ڕەزبەر گەیشتووەتە ٤٨.٦ لەسەد و ڕێژەی هەڵاوسانی مانگانە گەیشتووەتە نزیکەی ٥ لەسەد؛ ئاستێک کە لە ٤٠ مانگی ڕابردوودا نەبینراوە و ڕێکۆردی جۆزەردانی ١٤٠١ی تێپەڕاندووە.

بە وتەی تەسنیم، لەو کاتەدا بڕیاری دەسەڵاتدارانی ڕێژیم بۆ نەهێشتنی دراوی چوار هەزار و ٢٠٠ تمەنی و گۆڕینی بە ڕێژەی ٢٨ هەزار و ٥٠٠ تمەن بۆ کاڵا سەرەتاییەکان، بووە هۆی بازدانی ١٠ لەسەدی لە هەڵاوسانی مانگانە و شەپۆلێکی نوێی بەرزبوونەوەی نرخەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.

هەڵاوسانی خۆراک لە ئێران کە ڕاستەوخۆ بە داهاتی ماڵان و ئەمنییەتی خۆراکەوە پێوەندی هەیە، بووەتە یەکێک لە نیشانە سەرەکییەکانی نایەکسانی ئابووری لەم ساڵانەی دواییدا.

بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی کاڵا سەرەتاییەکان، لەگەڵ مەندی هەقدەستەکان و کەمبوونەوەی توانای کڕین، بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆری داهاتی بنەماڵەکانی چینی کرێکار بۆ دابینکردنی کەمترین پێداویستی خۆراک خەرج بکرێت.

شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن کە لە نەبوونی سیاسەتی پشتیوانی ئامانجدار و کۆنترۆڵی کاریگەر بەسەر بازاڕی کاڵا سەرەکییەکان، ئەم ڕەوتە دەتوانێت ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی هەژاری خۆراک و دابەزینی تەندروستیی گشتی.