
سەجاد حائێری، نووسەر و مامۆستای زمانی کوردی و برای ئەحمەدڕەزا حائێری، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی ئیلام، لەلایەن هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "چاونیووز"، سەجاد حائێری، نووسەر، دەرهێنەر و مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی ئیلام، لەلایەن بەناو دادگای ئینقلابی شاری دەماوەند سەر بە پارێزگای مازەندەرانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" و "تێکدانی بیروڕای گشتی لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان" سەرجەم سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکران و هەندێک سزای دیکەش بەسەردا سەپێندرا.
ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە هەروەها سزای دوو ساڵ قەدەغەی ئەندامەتی لە حیزب، گرووپ و دەستەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و قەدەغەی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەسەردا سەپێندراوە.
پێشتر سەجاد حائێری ڕۆژی ۲۱ی پووشپەڕ، لەلایەن هێزە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم و لیباس شەخسی و هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە دەماوەند دەسبەسەر کرابوو و لە ئاکامدا ڕۆژی ۳۰ی پووشپەڕ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
شایەنی باسە لەکاتی دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە کوردەدا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و دەستیان بەسەر مۆبایل، لەپتاپ و زۆر کتێبی پەیوەندیدار بە زمانی کوردی و هەندێکی دیکە لە کەلوپەلی تاکەکەسیی ناوبراودا گرتبوو.