
بەڕێوەبەری گشتیی بێهزیستیی کرماشان ڕایگەیاند: "تا ساڵی ١٤٣٠ لە هەر سێ کەسی کرماشان یەکێکیان بەساڵاچوو دەبێت. لە ئێستادا زیاتر لە ٢٦٠ هەزار کەسی بەساڵاچوو لە پارێزگاکەدا دەستنیشان کراون و پارێزگای داڵاهۆ پیرترین ناوچەیە.
بێهزاد شەهبازی باسی لەوە کرد، زیادبوونی هیوا بە ژیان لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی لەدایک بوون، کرماشانی خستووەتە سەر ڕێگای "قەیرانی پیربوون". بەڵام شارەزایان پێیان وایە کە کێشەی سەرەکی لە پشتگوێخستن و سیاسەتە جیاکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ناوچە پەراوێزخراوەکاندایە.
شەهبازی هەروەها ئاماژەی بە خزمەتگوزارییەکانی بێهزیستیی کرماشان بۆ بەساڵاچووان کرد و وتی: لە پارێزگای کرماشاندا شەش ناوەندی چاودێریی شەوانەڕۆژیی بەساڵاچووانمان هەیە و ٣٤٥ کەسی بەساڵاچوو لەم ناوەندانەدا چاودێری دەکرێن.
لە کاتێکدا میلیاردها تمەن لە چەند ناوەندی چاودێریی شەوانەڕۆژییدا خەرج دەکرێت، زۆرێک لە بەساڵاچووان بەبێ پشتیوانیی ئەوتۆ پشتگوێ خراون.
چڕبوونەوەی خزمەتگوزارییەکان لە شاری کرماشان و نەبوونی سیاسەتی دادپەروەرانە، کەلێنی خۆشگوزەرانیی نێوان ناوەند و شارەکانی قووڵتر کردووەتەوە. ئەم دۆخە نیشانەیەکی ڕوونی ناکارامەیی ڕێژیمێکە کە نە پلانی بۆ نەوەی گەنج هەبووە و نە وەڵامی بۆ بەساڵاچووانی ئەمڕۆ هەیە.