
ڕێکخراوی پەروەردەی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا، زیادبوونی سەرکوتی مامۆستایان و بە تاوانناسینی چالاکییە سێنفییەکانیانی ئەم توێژە لە ئێرانی مەحکووم کرد.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە دەیوید ئێدواردز بەڕێوەبەریی گشتیی ئەو ڕێکخراوەیە لە نامەیەکدا بۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە "سەرکوتکردنی سیستماتیکی" چالاکانی سێنفیی مامۆستایان نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە.
ڕێکخراوی پەروەردەی نێودەوڵەتی لەم بەیاننامەیەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٤دا، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم کۆبوونەوەی یاسایی شۆرای هاواهەنگیی یەکیەتییەکانی مامۆستایانی ئێرانیان لە شاری شەهڕەزای ئێسفەهان تێک داوە و سەرجەم بەشداربووانیان دەسبەسەر کردووە و دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانیاندا گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا سەرکوتی چالاکانی سێنفی لە شارەکانی دیکەی کرمان و کوردستانیشدا پەرەی گرتووە و تا ئێستاش ژمارەیەک لە چالاکانی سێنفی هەروا دەسبەسەرن.
ڕێکخراوی پەروەردەی نێودەوڵەتی ئاماژەی بە دەسبەسەرکردنی مامۆستا سومەیە ئەختەرشومار، مامۆستا و چالاکی سێنفیی کورد کە لە مانگی ڕەشەمەی ١٤٠٢دا کرد کە بۆ هەمیشە لە وانەوتنەوە و چالاکیی سێنفی دوور خرایەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە کە ئەم نموونە لە کردەوەکانی دەزگا ئەمنییەکان ئاماژەیە بۆ تاوانبارکردنی سیستماتیکی چالاکییە سێنفییەکان و لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بێدەنگکردنی مامۆستایانە. ئەو کردەوانەی کە دەستووری ئێران و بەڵێنییە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی پێشێل دەکەن.
ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە لە بەیاننامەکەیدا داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد کە لە زووترین کاتدا و بێ مەرج مەسعوود فەرهیختە ئازاد بکەن، ڕێوشوێنی سزای مامۆستایانی دەرکراو هەڵبوەشێننەوە و ڕێگە بە هەموویان لەوانە سومەیە ئەختەرشومار بدەن بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە: بەتاوانناسینی چالاکییە سێنفییە ئاشتیخوازەکان دەبێ کۆتایی پێ بێت و کۆماری ئیسلامی دەبێ پێبەند بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی کار و پاراستنی مافی مامۆستایان بێت.