کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆلتیماتۆمی ئەمریکا بە هێند بۆ بڕینی هاوکارییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران

17:01 - 12 رەزبەر 2725

لە درێژەی ڕەوتی گوشارە لانیزۆرییەکانی دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا و چالاککردنی مێکانیزمی ماشە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە نوێترین هەوڵدا ئەمریکا دوایین دەرفەتی بە وڵاتی هیند داوە تاکوو هاوکارییە بازرگانی و ئابوورییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی تاران بچڕێنێت.

ڕۆژنامە "شەرق" لە نو‌ێترین ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بە مەبەستی گرێبەستی بازرگانیی ١٠ ساڵەی لەگەڵ هێند دەیان میلیۆن دۆلاری خەرج کردووە و بڕیار وابووە کە نەوتی ڕێژیمی ئێران بفرۆشرێت بەو وڵاتە بەڵام ئەمریکا داوای لە هێند کردووە کە ئەو هاوکارییە بازرگانی و ئابوورییانەی لەگەڵ ڕێژیمی تاران کۆتایی پێ بێنێت.

ڕۆژنامەی "شەرق" لەو ڕاپۆرتەدا باسی لە وردەکاریی ئەو ئۆلتیماتۆمەی ئەمریکا کردووە و نووسیویەتی: "ئەمریکا تەنیا ٤٥ ڕۆژ دەرفەتی بە هێند داوە کە کۆتایی بە هەموو هاوکارییە ئابوورییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بێنێت".

هەروەها ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەر، هەواڵدەریی فارس سەر بە سپای پاسداران بە پشتبەستن بە قسەکانی "ڕەزا سێپەهوەند" ئەندامی کۆمیسیۆنی وەزەی مەجلیسی ڕێژیم بڵاوی کردووەتەوە کە لە دوای چالاککردنی مێکانیزمی ماشە، هێند كڕیاری نوێی نەوتی ئێران دەبێت.

 ئەو لێدوانەی سپێەهوەند لەکاتێکدا بوو کە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەر، بەرپرسانی هێند دوو ڕۆژ پێش چالاککردنەوەی مێکانیزمی ماشە، ئامادەیی خۆیان بۆ کڕینی نەوتی ڕێژیمی ئێران دەربڕیبوو.

مەزەندە دەکرێت لە ئەگەری واژۆکردنی گرێبەستی ئابووریی نێوان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هێند، ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیم بۆ هێند بگاتە ١٠ میلیۆن بەرمیل لە ساڵدا.