کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ١٨ سووتەمەنیبەری بەلووچ لە ماوەی ١١ ڕۆژدا

17:06 - 12 رەزبەر 2725

ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ دەرخەری ئەوەیە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە کوشتنی سووتەمەنیبەرانی بەلووچ بەردەوامن و لە ماوەی ١١ ڕۆژدا زیاتر لە ١٨ کەسیان کوشتووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لە ماوەی ئەو ١١ ڕۆژەدا ئەو سووتەمەنیبەرانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون.

بەپێی هەمان ڕاپۆرت، لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ٣٧٥ سووتەمەنیبەری بەلووچ لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە یان کوژراون یان بریندار کراون.

ئەو ئامارە دەرخەری ئەوەیە کە ئەو ڕێژەیە بەنیسبەت ساڵی ٢٠٢٣وە، ٥٤ لەسەد زیاتر پەرەی سەندووە.

ئامارەکان نیشاندەری ئەوەن کە منداڵانی بەلووچ بەشێکی بەرچاو لەو ئامارە پێک دێنن.

بێکاری، هەژاریی لەڕادەبەر، بەتاڵانبردنی سەرچاوە داراییەکانی پارێزگای بەلووچستان، کەمیی کار، کەمیی سەرمایەگوزاری، جیاوازیی نرخی سووتەمەنی لە دوو وڵاتی پاکستان و ئێران هۆکاری بوونی دیاردەی سووتەمەنیبەری لەنێو خەڵکی بەلووچە.