کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆلی سەراو نیلووفەر لە کرماشان وشک بوو

17:08 - 12 رەزبەر 2725

گۆلی سەراو نیلووفەر کە سەردەمانێک گەوهەرێکی سروشتیی پارێزگای کرماشان بوو، سەرەڕای هۆشدارییەکانی پێشوو وەشک بوو.

محەممەدحوسێن فەلاحەتی، بەرپرسی بەشی ئیدارەی ژینگەی پارێزگای کرماشان وێڕای ڕاگەیاندنی وشکبوونی گۆلی سەراو نیلووفەر ڕایگەیاند، زۆرێک لە کانیاو و تاڵاوەکانی دیکەش لە دۆخێکی خراپدان.

چالاکوانانی ژینگەپارێز و بەرپرسانی ڕێژیم، پێشتر سەبارەت بە وشکبوونی ئەو گۆلە هۆشدارییان دابوو. هەروەها لە ساڵی ١٤٠٢دا بەرپرسانی ئیدارەی ژینگەی پارێزگای کرماشان پێشبینی وشکبوونی ئەم گۆلەیان کردبوو.

فەلاحەتی ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە وشکبوونی یەکجاریی تاڵاوی هەشیلان دوور نییە.

ناوبراو زیادی کرد: ''کرماشان سەردەمانێک بە خاکی سەراوەکان ناسرابوو، بەڵام ئێستا بە کەمبوونەوەی بەرچاوی بارانبارین و چەند ساڵێک لە بارودۆخی وشکەساڵی کە لە پارێزگاکەدا زاڵ بووە، زۆربەی سەرچاوە ئاوییەکانمان لەدەست داوە و لە دۆخێکی باشدا نین.''

بە وتەی ناوبراو، هەرچەندە بیرە بێ مۆڵەتەکان لەسەر لێواری سەراو نیلووفەر گیراون، بەڵام بەهۆی زیادەڕۆیی لە دەرهێنانی سەرچاوە ئاوییەکانی دەوروبەری سەراو لە ساڵانی ڕابردوودا ئاستی ئاوی ژێر زەوی لەم ناوچەیەدا کەمی کردووە و لە ئەنجامدا ئەو گۆلە بە تەواوی وشک بووە.

وشکبوونی گۆلی سەراو نیلووفەر دەرئەنجامی ساڵانێک خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و زێدەڕۆیی لە بەکارهێنان و پشتگوێخستنی هۆشداریی کارناسانە.