کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژترین ساڵی کۆماری ئیسلامی و درێژترین ڕۆژی ژاپۆن!

10:56 - 13 رەزبەر 2725

عەلی لەیلاخ

ڕۆژی ١٤ لەسەر ١٥ی ئاگۆستی ١٩٤٥ی زایینی بە درێژترین ڕۆژی ژاپۆن ناسراوە و لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوودا بە ڕۆژێکی چارەنووسساز بۆ ئەو وڵاتە ناوزەد کراوە.
گرینگیی ئەو  ڕۆژە لەوەدایە کە حوکـمڕانانی ئەوکاتی ژاپۆن لە سەرەوە هەموویان  شەخسی ئیمپراتۆر "هیرۆهیتۆ" پاش لاساری و ملنەدان بە شکستی دەرەکی، دواجار ملکەچی بڕیارێک بوو کە دواتر بوو بە دەستپێکی کۆتاییهاتن بە "فەردگەرایی" و هەڵتەکاندنی باوەڕی ‌کۆن کە گوایا ئیمپراتۆر "کوڕی خوا"یە و "بڕیارەکانیشی ئاسمانین" و،  بەدوورە لە "هەڵە و پەڵە"کردن.
هێرشی هەوایی ژاپۆن لە ساڵی ١٩٤١ بۆ سەر ناوگان و کەشتییە شەڕکەرەکانی  هێزی دەریایی ئەمریکا لە دووڕگەی هاوایی، کوژران و برینداربوونی ٣٦٤٠ سەرباز و مەلەوانی ئەمریکایی لێ‌کەوتەوە. ئەم هێرشە هەم زەربەیەکی قورس و لەناکاو بوو لە ئەمریکا  و، هەمیش سەرەڕای سیاسەتی بێ‌لایەنیی واشنگتۆن، ئەو وڵاتەی پەلکێشی شەڕی دوویەمی جیهانی کرد. بۆیە لەو وڵامی ئەو هێرشانە و، بۆ ڕاگرتنی سەرەڕۆییەکانی ژاپۆن کە بە لاساییکردنەوەی بریتانیا و ئیتالیا و فەڕانسە وەکوو وڵاتێکی کۆلۆنیالیست، دەستی بەسەر ئوقیانووسی ئارام و وڵاتانی ناوچە داگرتبوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی گوێنەدانی حاکمییەتی ژاپۆن، لە ماوەی سێ ڕۆژدا، "هیرۆشیما" و "ناگاساکی" دوو شاری هەرەگەورەی ئەو وڵاتەیان بە بۆمبی ئەتۆمی وێران کرد و، سەرەوەی ٢٢٠ هەزار کەس تێیدا کوژران.
 ئەم هێرشە بەتەواوی ئێمراتۆریی ژاپۆنی تووشی دوشداماوی و وڵاتەکەشی لێی ئاڵۆز کرد. بەتایبەتی کە "ترۆمەن" سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئامریکا گوتی: ئەوە قامکمان لەسەر پەلەپیتکەی سێیەم بۆمب داناوە! ئیتر ژاپۆن  ناچار بوو  بەرەبەرە هێزەکانی  بکشێنێتەوە و خۆی بەدەستەوە بدا. بەڵام بەمەش کۆتایی نەهات تا کاتێک ئیمپراتۆر "هیرۆ هیتۆ" قبووڵی کرد کە "جاڕنامەی‌ ئینسانییەت" بڵاو بکاتەوە و، بەم جۆرە ژێنراڵ "داگڵاس مەک ئارتۆر" شکۆی خوادرۆینەی ژاپۆنییەکانی شکاند و، ناچاری کرد لە ئاسمانی لووتبەرزییەوە پێ بنێتە سەر ئەرزی واقع‌ و دان بە هەڵەکانیدا بنێ.
گەلی ژاپۆن پاش  ٦٠ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی هیرۆ هیتۆ کە کوژرانی میلیۆنان کەس و هەژاری و برسیکردنی خەڵکەکەی بەرهەم هێنابوو، لە بەیانیی ڕۆژی ١٥ی ئاگۆستی ١٩٤٥ گوێیان لە دەنگی ئیمپراتۆر بوو کە گوتی: "من هیرۆ هیتۆم ! من  کوڕی خوا نیم و بەرپرسی هەموو شکست و هەڵەکانم"!
ئەم کورتە پەیامە لە خۆیدا واتایەکی گەورەی هەبوو یانی کۆتاییهاتن بە خواسالاری لە وڵاتان! چۆن تا ئەوکات بەپێی یاسای کۆنی ژاپۆن کەس بۆی نەبوو نە سەیری ئیمپراتۆر بکات، نە گوێی لە دەنگی بێ!
خواسازکراوەکەی خەڵکی ژاپۆن  شکا و، تەنانەت هێندێک لە شوێنکەوتووانی خۆیانیان  کوشت! بەڵام وەلانانی لەمپەرێک بەناو "کوڕی ئاسمان" کوڕ و کچانی سەرزەوینی ئەو وڵاتەی وەگەڕ خست،  هەتا کەمتر لە ٢٠ ساڵ بە گەشەی زانستی و خۆماندووکردن و وازهێنان لە قەیران‌خوڵقاندن! چاکتر لە جاران وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە و هەردوو شاری کاولاش‌کراوی "هیرۆشیما" و "ناگاساکی"یان بە جوانی بونیات ‌نایەوە.
هەڵبەت لە بیرمان نەچیت ئەم ملدانی ئیمپراتۆر بۆ نەجاتی ژاپۆن و، بەرژوەندیی نەتەوەیی ئەو وڵاتە بوو. دواتر وەکوو پۆستێکی تەشریفاتی و بێ‌دەستێوەردان لە کاروباری وڵات مایەوە.

ئێران و نوێنەرانی بەناو "ئیمامی زەمان" و حکوومەتی ئیلاهیی کۆماری ئیسلامی!
هەر ئەوکات کە بەشێک لە خەڵکی ئێران بە چیرۆکی دیتنی خومەینی لە  قاپی خڕی مانگەشەو فریو دران و تا ئەوەی کە "فەرەیدوون ڕووحانی"، هەمان حەسەن ڕووحانیی سەرۆککۆماری پێشوو لە سەروبەندی ئینقلاب نازناوی "ئیمام"ی لەسەر "ڕووحوڵڵا خومەینی" دانا، بێ‌گومان دوای ئەو نازناوە دەرگای لەسەر هەرچەشنە نیزیکبوونەوە لە خومەینی و ڕەخنەلێگرتنی لێ ‌داخرا. چونکە بەپێی ئایینی شیعە "ئیمام" کەسێکە کە بێ‌بەرییە لە گوناح و هەڵە ناکات و جێگرەوەی پەیغەمبەری خوایە و، خەڵکیش دەبێ لە دنیا و قیامەت سەری پێ‌بسپێرن.
کە خومەینی بۆ بە "ئێمام" بەپێی هەمان شەرعییەت "خەڵخاڵی" وەکوو حاکمی شەرع، خەنجەری "حوکمی شەرعی" لە ڕوو بەست  و، بێبەزییانە بەر بووە  گیانی جیابیران و ڕەخنەگرانی ئیمام خومەینی! ئیعدامەکانی سەربانی مەدرەسەی "رفاه" و تەپۆڵکەنی "ئێڤین"ی تاران تا فیتوای هێرش بۆ سەر خاک و خەڵکی کوردستان و درێژەکێشانی شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عێراق بەشی زۆری بۆ ئەو نازناوە ئایینییە دەگەڕێتەوە کە دەیان "جینایەتی موقەدەس"ی لێ‌کەوتەوە. شوێنکەوتووانی بۆ ئەوەی بچنە "بەهەشت" کوردستانیان کردە "دۆزەخ" و بە چەک و چەقۆی "فیتوا " جیابیرانیان لە پێتەختی وڵاتانی دنیا  کوشت و،  "تیرۆر" بوو بە "ئەمر و  واجب"ێکی ئاییینی بۆ ڕەزامەندیی "نایبی بەرهەقی ئیمامی زەمان".
پاش خومەینی، خامنەیی، دامەزرێنەرێکی دیکەی ئەو ڕێژیمە کە تامی کۆیلایەتیی مەزهەبی و سەرسپاردنی خەڵکی فریوخواردووی چەشکە کردبوو، لە چیرۆکێکی هاوشێوە و یەکشەوەدا کرا بە "وەلیی ئەمری موسلیمین" و ناوەندە ئایینییەکان تەنانەت لە سەردەمی تێکنۆلۆژیاشدا وازیان لە خورافە و درۆهەڵبەستن  نەهێنا و، مەقامێکی بەرزیان بۆ خامنەیی دەسنیشان کرد. "سەید عەلی"ش  کەیفخۆش بوو بەم نیابەت و حوکمڕانییە کە گوایە میراتێکە و لە  نیوەڕۆی ڕۆژی "عاشورا"وە بۆ ئەو بەجێ ماوە! هەر ئەم کەسە کە کاتی خۆی دەیگوت: دەبێ خوێن‌ لە چاومان بێ بۆ میللەتێک کە من "ڕێبەر"یان بم، خۆویستیی دیکتاتۆرانە وایان لێ‌کرد کە پارەکە گوتی "من لە جیاتی "خوا" قسەم کردوە!
کاتی خۆی "تەیمووری لەنگ"یش دەیگوت: ئەمن قامچی خوام بەسەر خەڵکەوە و نادرشای ئەفشاریش خۆی بە زۆڵفەقاری ئیمام عەلی لە قەڵەم دەدا بۆ سەربڕینی خەڵک!
تەنزی تاڵ ئەمەیە کە تەنانەت ئەحمەدی‌نە‌ژاد لەم خۆنواندنانە بەجێ ‌نەما و لە کاتی سەرۆککۆماریدا کە سەردانی  نەتەوە یەکگرتووەکانی کردبوو، هەر دوای گەڕانەوەی  بەپەلە خۆی گەیاندە لای "ئایەتوڵڵا جەوادیی ئامۆلی" و ڕایگەیاند: کە لە کاتی وتاردان،  دەوروبەرەکانی "هیلال و گڕی نوور" یان  لە دەور سەروسەکتی دیتووە. ئەمە کێ شاهیدی ئەم موعجیزەیەیە؟ "محەممەدڕەزا ڕەحیمی" کە بۆ ئەوەی زیاتر جێگای خۆی بکاتەوە  ئەو درۆیەی هەڵبەستبوو. قسەیەکی کوردی هەیە دەڵێ: درۆزنێک تەماحکارێکی خەڵەتاند" و تاقە شاهیدی "گڕەی نووری" ئەحمەدی‌نژاد پاشان بە ئیختلاسی میلیاردی ڕەوانەی زیندان و خانەنشین کرا.
هەر لەسەر ڕێچکەی تەقەددوسی ئایینی ئەوە زیاتر لە سی ساڵە  ئیمپراتۆریی  "ویلایەتی فقیهـ" دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی ئەو وڵاتە داگرتوە و بڕیارەکانی "ئایەتوڵڵا خامنەیی" ئەو وڵاتەی تووشی دەیان گرفتی بنەڕەتی کردوە کە تەنانەت بە نەمانی ئەویش بەئاسانی بنبڕ نابن.
هەرچەند خامنەیی بوێری و نیشتماندۆستیی ئیمپراتۆرەکەی ژاپۆنی نیە هەتا لە قوناخە گرینگەکاندا بەرژوەندیی نەتەوەیی لە سەرەوەی خۆی و بیرکردنەوەی دابنێ، بەڵام  چەندین ساڵە سامی ڕەخنەگرتن لە "نایبی بەرهەقی ئیمامی زەمان" کە ناهەقییەکی ئێگجار زۆری لە خەڵکی ئێران کردوە شکاوە و، ئەو هەیمەنەیە کاتێک ڕووخا کە لە شەقامەکان و لە کاتی ڕاپەڕینەکان وێنەکەیان سووتاند و ڕۆژ نیە تەنانەت لە نێوخۆی وڵاتیش لاتاو لە خۆویستیی دیکتاتۆرییەکەی نەدرێ. بەتایبەتی پاش شەڕی ١٢ ڕۆژە کە هەرجارەو بە ترسەوە لە حەشارگەی دێتە دەرەوە و نەهامەتییەک لەسەر نەهامەتییەکانی دیکە کەڵەکە دەکا و دەگەڕێتەوە حەشارگەکەی!
لە ئێستادا کە زەخت و گوشارەکانی سەر ئێران و پەنگخواردوویی تووڕەیی نێوخۆیی دەستی لە بیناقاقای ئەو ڕێژیمە ناوە و تارانی لەسەر دووڕێیانی  "شەڕ و ئاشتی" داناوە، دەزانێ هیچ دەرفەتێکی مانەوەی لە بەردەمدا نەماوەتەوە و نە شەڕی پێ‌دەکرێ و نە تەنانەت بە "ئاشتی"ش لە ڕووخان ڕزگاری دەبێ!
بەڵام سەیرە کە هێشتا دەوروبەرەکانی ڕێبەری نیزام نایانهەوێ دان‌ بە شکستی ئایینی و ڕێبەرایەتیی ئەو بهێنن و لە کۆڵی نابنەوە کە بڵێ: من خامنەییم و بەرپرسی یەکەمی چارەڕەشییەکانی ئێوەم! هەرچەند تازە وتن و نەوتنی نە قازانجی  بۆ خۆی هەیە و نە بۆ خەڵک، کەچی وتەبێژی دەوڵەتی پزشکیان، دەستەوەستاوترین سەرۆککۆمارری مێژووی ئێران لەم ڕۆژنەدا دەڵێ: هەرچییەک ڕێبەریی بڵێ، ئێمەش دەبێ بڵێین: ژنەفتمان و گوێڕایەڵین (سَمِعْنَا وَأَطَعْنَا). ئەمەش دەستەواژەیەکی قورئانییە و مانای تەسلیم‌بوونە بەرانبەر بە فەرمانی خوا و، درێژەی هەمان "وەهم"بەخشینە بە خامنەیی وەکوو "نوێنەری خوا" لەسەر زەوی!  
 بەپێی بێزراویی خەڵک لە دامودەزگا ئایینییەکان و سەرجەم دەستوپێوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە، گوشاری نێوخۆیی و زەختی زلهێزان،  دوور نیە ئەمساڵ بۆ کۆماری ئیسلامی دریژترین ساڵی ئەو ڕێژیمە بێ، هاوشێوەی درێژترین ڕۆژە مێژووییەکەی ژاپۆن. دوا ساڵی حکوومەتی "خواخۆسەپێن و ناخۆشەویستەکان"ی کۆماری ئیسلامی بێ. 
بەم جیاوازییەوە کە بەپێچەوانەی ئیمپراتۆر هیرۆ هیتۆ"، نە خامنەیی و نە شوێنکەوتووانی هیچ دەرفەتێکی دیکەیان جگە لە تێداچوون لە بەردەستدا نەماوەتەوە.

ژێدەر:

- دانشنامە ملل
- ماڵپەڕی میلیتاری
- مالپەڕی زانیاریی