
ڕۆژنامەی کەیهان لە دووتوێی بابەتێکدا بەڕوونی باسی لەوە کردووە کە ئەگەری بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل زۆر زیاتر لە جاران لە ئارادایە و شەڕی ئەم کاتەش جیاوازترە لە شەڕەکانی پێشووتر.
ڕۆژنامەی "کەیهان" لەژێر چاوەدێریی حوسێن شەرێعەتمەداری، نوێنەری عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە دووتوێی بابەتێکدا لە نووسینی "جەعفەر بلووری" ئاماژەی بەوە داوە کە دۆخی کارەساتبار و ناجێگریی ئابووری لە ئێراندا هۆکاری بەردەوامیی لێکەوتەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژەیە و ئەو دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەگەری شەڕی نوێ لەگەڵ "دوژمن" زۆر زیاتر لە جارانە.
بە گوێرەی ئەو بابەتەی "بلووری" لە ڕۆژنامەی کەیهان "ئیسرائیل بە تەنیایی توانای شکستپێهێنانی ئێرانی نییە، هەر بۆیە داوای لە ئەمریکا و ناتۆ کرد کە لە ڕەوتی شەڕی ١٢ رۆژەدا بۆ زیاتر گوشارهێنان بۆ سەر تاران داوای هاوکاریی لەو دوو هێزە کردووە".
هەروەها نووسەر لەو بابەتەدا ئاماژەی بەوە داوە کە "عەقڵ، ئەزموون و ئاڵوگۆڕەکان" لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە دەرخەری ئەوەن شەڕێکی نوێ لە ئارادایە.
نووسەری ئەو بابەتە لەبارەی وردەکاریی ئامانجی هێرشی ئیسرائیل لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژە، باسی لەوە کردووە کە "ئیسرائیل ئامانجی لەو هێرشە ڕاپەڕین خەڵکی ئێران بوو هەتا لەو ڕێگەیەوە، ئێران دابەش بکات".
نووسەر لە بەشێکی دیکەی بابەتەکەیدا باسی لە "چەندپارچەیی مەترسیدار" لە جیهان کردووە و پێداگریی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئێرانیش نابێت تەنیا ڕۆڵی بینەر بگێڕێت و دەبێت ڕۆڵی شوێندانەری هەبێت لەو چەندپارچەیی و ئاڵوگۆڕانەدا.
لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا و لە دوای شەڕیش بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای شکستی قەرەبوونەکراوە لە بەرانبەر هێرشەکانی ئیسرائیل، چەند جار باسیان لە هەڵگرسانی شەڕ دژی ئەو وڵاتە کردووە و هەروەها ئیسرائیلیش هۆشداریی بەرپەرچدانەوە و دژکردەوەی توند دژی هەر جۆرە هێرشێکی ڕێژیمی تاران داوە.