کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی ڕێژیم پڕۆژەیاسای لابردنی چوار سیفری دراوی ڕیاڵی پەسەند کرد

16:49 - 13 رەزبەر 2725

نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم پڕۆژەیاسای چاکسازیی یاسای دراو و بانکی ئێرانی پەسەند کرد کە بریتی لە لابردنی چوار سفری دراوی ڕیاڵ بوو.

ئەو پڕۆژەیاسایە، بەندی ئەلفی بڕگەی ٥٨ی یاسای بانکی ناوەندیی بەم شێوەیە گۆڕیوە: "یەکەی دراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕیاڵە" کە بەرانبەرە لەگەڵ ١٠ هەزار ڕیاڵی ئێستا و یەکسانە بە ١٠٠ قەران.

هەروەها لە تێبینییەکانی ئەو پڕۆژەیاسایەدا هاتووە کە لە دوای قۆناغی تێپەڕبوون ئەو پڕۆژەیاسایە، بە لانیزۆرییەوە سێ ساڵ کات پێویستە.

 مەجلیسی ڕێژیم لە کاتی پەسەندکردنی ئەو پڕۆژەیاسایەدا، بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئەرکدار کردووە کە لە ماوەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە پێویستیی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە، هەنگاوی کردەیی و پێویست بۆ دەسپێک لە قۆناغی تێپەڕبوون بگرێتە بەر.

شایانی باسە دراوی ڕیاڵی ئێران، لە ئێستادا  بە کەم بەهاترین و بێنرخترین یەکەی دراوی جیهان دێتە ئەژمار.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پەسەندکردنی ئەو پڕۆژەیاسایە لەسەر ئەو بڕوایەیە کە بەو کارە دەتوانێت پێش بە داڕمانی نرخی دراوی خۆی بگرێت بەڵام ئەوە لەکاتێکدایە کە بە وتەی کارناسانی ئابووری، ڕێگری لە داڕمانی نرخی ڕیاڵ بە لابردنی سیفر جێبەجێ نابێت بەڵکوو بە کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو دەگاتە ئاکام و نرخی خۆی بەدەست دێنێتەوە.