کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی لانیکەم شەش گردبوونەوەی خوێندکاران لە ناڕەزایەتی بە کوالێتیی خۆراکی زانکۆ و ژەهراویبوونەکان

17:12 - 13 رەزبەر 2725

لە درێژەی کۆبوونەوەی خوێندکارانی زانکۆی خاجە نەسیر لە تاران لە ناڕەزایەتی بە بێ سەروبەرییە پەروەردەییەکان، ڕۆژنامەی "پەیام ما" ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی ژەهراویبوون و خراپیی کوالێتیی خواردن لە زانکۆ جۆربەجۆرەکان بڵاو کردەوە، کە بووەتە هۆی پێکهێنانی لانیکەم شەش گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لەمساڵدا.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەر چوارەمین شەوی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی خەوتنگەی "دانش"ی زانکۆی خاجە نەسیر بەڕێوە چوو.

خوێندکارانی ئەم زانکۆیە لە تاران جارێکی دیکە بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە گرانیی خۆراک و دەرکردنی خوێندکارێک و بێسەرەوبەریی پەروەردەیی کۆ بوونەوە و دروشمی "خوێندکار دمرێت ستم قەبووڵ ناکات"یان وتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە ئامێتەکردنی خۆراک بە پێمەڕەی ئاسن، شەپۆلێکی تووڕەیی و گاڵتەجاڕی لای خوێندکارانی ئێرانی لێکەوتەوە.

لەم ڤیدیۆیەدا کە هەندێک سەرچاوە پێیان وایە تایبەت بە زانکۆیەکی شاری مەشهەدە، چێشتلێنەرەکان، بەبێ ئەوەی گرینگی بە کامێرا بدەن، بە پێمەڕەیەکی درێژ مەنجەڵی خواردنەکە لێک دەدەن و دواتر بە هەمان پێمەڕە خواردنەکە دەڕێژنە نێو دەفرێکی دیکەوە.

هەروەها فەرزاد ڕەحمانی، بەڕێوەبەری شۆرای سێنفیی زانکۆی سەنعەتی شەریف ئاماژەی بە خواردنی نیوەکوڵاو کرد و خوێندکارێکی کارناسیی باڵا لە هەمان زانکۆ وتی: ''تەنانەت هەندێک جار کرمیشمان لە خواردنەکەدا بینیوە.''

لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٤ـەوە لانیکەم شەش سکاڵای فەرمی سەبارەت بە کوالێتیی خۆراکی سێلفەکان لە زانکۆکانی ئێران تۆمار کراوە.

یەکێک لەو کۆبوونەوانە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کاشانە کە لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا خوێندکاران دوای دۆزینەوەی مارمێلکەیەک لە خواردنەکانیاندا لە حەوشەی زانکۆ کۆ بوونەوە.

هاوکات لەگەڵ نزمیی کوالێتی، بەرزبوونەوەی ٤٧ لەسەدیی نرخی خۆراکیش ناڕەزایەتیی لێ کەوتووەتەوە.