کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی سووڕی توندوتیژیی ڕێژیمی ئێران دژی کۆڵبەران

17:16 - 13 رەزبەر 2725

لە درێژەی کوشتنی سیستماتیک و سووڕی بێبڕانەوەی توندوتیژییەکان دژی کۆڵبەرانی کورد، کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری بانە لەلایەن چەکدارەکانی ڕێژیمەوە کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی 'کوردپا، بەرەبەیانیی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەڕ، مێهدی شەریفی، کۆڵبەری خەڵکی گوندی ''کانی سێو'' سەر بە شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆ و سەرەڕۆیانەی چەکدارەکانی ڕێژیم لە سنووری ساردەوای ئەم شارە گیانی لەدەست دا.

کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە کە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، بە تەقەی ڕاستەوخۆ ئەم کۆڵبەرە کوردەیان کوشتووە.

تەرمی ئەم کۆڵبەرە ڕەوانەی نەخۆشخانەی بانە کراوە و تا ئێستا ڕادەستی بنەمالەکەی نەکراوەتەوە.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا ٣ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی سەڕەڕۆیانەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژراون کە هەر سێ حاڵەتەکە لە سنوورەکانی شاری بانە کوژراون.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەڕ، کۆڵبەڕێکی کورد بە ناوی ڕێبوار محەممەدزادە،   ٣٨ ساڵە و خەڵکی گوندی ''سپێدار''ی بانە، بەتەقەی سەرەڕۆیانەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە ناوچەی سنووریی ''سوورکێو''گیانی لەدەست داوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕەزبەڕیش کۆڵبەڕێکی دیکە بەناوی قاسم عەزیزی ٤٧ ساڵە و خەڵکی بانە لە ناوچەی سنووریی ''سوورکێو و بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە کاروانی کۆڵبەران گیانی لەدەست دا.